دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار بەناوەکانی بیژەن کەریمیان و محەممەد حەسەنوەند لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۱ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی “۱ی جانیوەری ۲۰۲٦ی زایینی” بیژەن کەریمیان و محەممەد حەسەنوەند دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری “دەڕەشار”ــی سەربە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانییارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.