دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد بەناوی سامان قوربانی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٠ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی) سامان قوربانی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “یاڵتمەر”ـی سەربە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵکەیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.