بۆ یادی هەژدەساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆمار بەهاری

خۆڕاگری: ٨ی سەرماوەزی ١٣٨٦ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٧ی زایینی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و تێپەڕبوونی هەژدە ساڵ بەسەر تەمەنی دامەزراندنی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا یادکردنەوەی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکوو نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ یادەوەریی نەتەوەیی و بەرزڕاگرتنی ئیرادەی ئەو مرۆڤانەیە کە لە تاریکترین سووچی زیندانەکاندا، بوون بە چرای ڕێگای ئازادی. ئەم ئەنجومەنە لە پێویستییەکی مێژوویی و لەناو دڵی ئازار و بەرخۆدانی گەلێکەوە لەدایک بوو؛ گەلێک کە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی سیستماتیکترین شێوازەکانی سەرکوت، گرتن، ئەشکەنجە و سێدارە دەبێتەوە.

دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە وڵامێک بوو بۆ هەوڵی بێوچانی ڕێژیمی ئێران بۆ سڕینەوەی یادەوەری، بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان و شاردنەوەی تاوانەکانی دژ بە گەلی کورد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیندانیی سیاسی تەنیا تاکێک نییە کە باجی هەڵوێستە سیاسییەکانی دەدات، بەڵکوو نوێنەری ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەیەکی چەوساوەیە. هەر بۆیە، کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان، گەیاندنی دەنگی زیندانییان و بنەماڵەکانیان بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی ئەم میراتە پڕ لە شانازییەی خەبات، بووە ئەرکی سەرەکیی ئەم ئەنجومەنە. لە ماوەی ئەم هەژدە ساڵەدا، ئەنجومەنەکە توانیویەتی وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ڕاپۆرت و زانیاریی ورد سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە بەردەم ڕای گشتیی جیهان و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان.

گرنگیی کارەکانی ئەنجومەن تەنیا لە بواری بەڵگەنامەیی و سیاسییدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ڕەهەندێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییشی هەیە. یادەوەری، چەکێکی بەهێزە لە خەباتی ناسنامەخوازیدا. کاتێک ڕێژیمێک هەوڵ دەدات بە گرتن و سێدارە، ئیرادەی گەلێک تێک بشکێنێت، زیندووڕاگرتنی یاد و ناوی قوربانییەکان، دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی بەرگری و مانەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان لە ڕێگەی کارە بەردەوامەکانییەوە، ئازاری تاکەکەسیی زیندانییانی گۆڕیوە بۆ هێمایەکی نەتەوەیی بەرگری و خۆڕاگری. چیتر چیرۆکی زیندانییەک، تەنیا تراژیدیای بنەماڵەیەک نییە، بەڵکوو دەبێتە ئەڵقەیەک لە زنجیرەی درێژی خەباتی نەتەوەیەک بۆ ئازادی و کەرامەت.

لە هەژدەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەنجومەن، پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنرێت کە ئەرکی ئەم ئەنجومەنە هێشتا قورستر بووە. لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلەکانی سەرکوت لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، پێویستیی بوونی دەنگێکی ڕەسەن و کاریگەر بۆ گەیاندنی مەزڵوومییەتی گەلی کورد، لە هەموو کاتێک زیاترە. ئەم ئەنجومەنە زیاترە لە ڕێکخراوێک؛ ئەو یادگە، دەنگ و بەڵگەی زیندووی زوڵمێکە کە دەیەوێت لەبیر بکرێت و لە هەمان‌‌کاتدا ئاوێنەی بەرزیی ئیرادەی مرۆڤێکە کە لەبەردەم ستەمدا چۆک دانادات.

بۆیە پشتگیریکردن لەم ئەنجومەنە، تەنیا کارێکی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە. پاراستنی یادەوەریی زیندانییە سیاسییەکان، پاراستنی بەشێکی گرنگی مێژووی زیندووی نەتەوەکەمانە، ئەم یادە بۆ ئەوەیە کە فێر بین، بەهێز بین و ڕێگای ئەو خەباتە درێژە پێ بدەین کە زیندانییانی سیاسی بە گیان و ئازادیی خۆیان، بنەماکانیان بۆ داڕشتووین.
 یەکێک  لە کێشە بنەڕەتییەکانی زیندانییانی سیاسی لە ئێران کە زۆرترین ڕێژە جیابیران و هەڵسووڕاوانی کورد دەگرێتەوە، بریتییە لەوەیکە ‌هێشتا  تاوانی سیاسی بەشێوەی یاسایی پێناسە نەکراوە و هەربۆیە دەزگای قەزایی بەبێ ڕەچاوکردنی هەرچەشنە دادوەرییەک، بە دەسئاواڵەییەوە سزای قوورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.
کۆماری ئیسلامی پاش سێدارە، زیندان و زیندانیکردنی وەکوو ئامرازێک بۆ مەرامی سیاسی و ئەمنی خۆی بەکار هێناوە و  بەگشتی بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ خەڵکانی مافخواز و جیابیر.
کۆمەڵناسان دەڵێن زیندان تەنیا سزادانی تاکەکەس و دوورخستنەوەی لە ژیانی ئاسایی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو گیرۆدەبوونی  بنەماڵەیەکی بێتاوانە و سزایەکی گشتییە.
لەم یادە‌دا جێی‌خۆیەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە گیان و کەرامەتی هاووڵاتییان پارێزراو نییە، بەتایبەتی زیندان و قوتابخانەکانی نائەمن‌ترین گرتووخانەکانی جیهانن، پێویستە هەوڵ بدرێ بۆ وەڕێخستنی هەرەوەزێکی هەمەلایەنە کە هیچ بەندکراوێک چارەنووسی بە ناڕوونی نەمێنێتەوە و دیلکەوتووانی دەستی ستەم بە مافەکانی خۆیان، کە هەمان مافی بنەڕەتییە، واتە ئازادی و گەڕانەوە بۆ ئامێزی ئازیزانیان.
بە وتەی خۆیان ڕاستە زیندان هەر بۆ زیندانبانەکان دەمێنێتەوە، بەڵام گرینگی‌دان بە دۆخی ئازیزانی بەندکراو و بنەماڵەکانیان و گەیاندنی دەنگی هەقکوژیی دەسەڵاتی تاران دەبێتە سەرەوەی ئەرکی هەمووان و بەتایبەتی ڕێکخراو و ناوەندە مرۆییەکان بێ.