دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی هەرسین لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: پەرنیا ڕۆستەمی، هاووڵاتیی خەڵكی هەرسین ماوەی ٤ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، پەرنیا ڕۆستەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری هەرسین سەربە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و ڕاستەوخۆ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.

ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەیکە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین بنەماڵەکەی بە تەواوی نیگەران کردووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نادەنەوە.