
خۆڕاگری: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەمجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان بۆ دووهەمینجارە ماوەیە یەک حەفتەیە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.
جێی ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا گوڵستانی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و تائیستا بێسەروشوێنە و هەروەها ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لە مانگی بەفرانباری هەمانساڵدا لەلایەن لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە ورمێ بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.