خۆڕاگری: یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی کەمئەندامی خەڵکی میاندواو کە لەکاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ۳ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی “۲٤ی دێسامبری ۲۰۲٥ی زایینی” یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی کەمئەندام و پەیڕەوی ئایینی یارسانی خەڵکی شاری میاندواو، کە لەکاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەفساد فیئەلئەرز” لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو ڕێکەوتی ۲٦ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە میاندواو دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ گرتنەیەکی ئەو ناوەندە لە شاری ورمێ و هەروەها لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆردا، دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەرگرتووە و بە هاوکاریکرد لەگەڵ دەزگای هەواڵگری مووسادی ئیسرائیل تۆمەتباریان کرد.
