
خۆڕاگری: هوشیار شەعبانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بانە پاش نزیکەی دوو مانگ ڕاگیران، بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هوشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری بانە کە ماوەی ٥٢ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیارد ٥٠٠هەزارتمەن و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بانە ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە ناوچەی کانیسووری سەربە شاری بانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیداەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کرد بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش زیاتر لە مانگێک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بانە و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.