سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: یونس تەنهایی، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ١ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی خۆڕاگری، یونس تەنهایی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “هەمزاوا”ـی سەربە شاری مەهاباد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی قازی یاسر گوزەلی بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٢٠مانگ و یەکڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و هەروەها لەکاتی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.