
خۆڕاگری: ئەمیرعەلی زاکریفەرد و ناسر زێمەردی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی ئیلام بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراون.
ڕۆژی شەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمیرعەلی داکریفەرد و ناسر زێمەردی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی ئیلام، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد و ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراون.
ئەمیرعەلی زاکریفەرد، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینایە کە لە٢٨ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و پێشتریش لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ١٠٤ی تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە ئیلام بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە، سزای ٣١ساڵ بەندکردنی تەعزیری، ٧٤زەربەی قامچی و پێبژاردنی ٢٥١ملیۆن تمەن پارەی حازری بەسەردا سەپێندرا.
هاوکات ناسر زێمەردی، ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، پاش ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ئیلام بانگ کرا هەرلەوێ دەسبەسەر کرابوو، دواتر بەدانانی بارمتەی ١ملیارد و ٥٠٠ملیۆن تمەنی ئازاد کرا و هەروەها ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ڕەوانەی لقی ٧ی لێکۆڵینەوە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم کرا و تۆمەتگەلی وەکوو: پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم، بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام ە بێڕێزیکردن بە خامنەیی، بەسەردا سەپێندرا.