ڕاهێنەرێکی لەشجوانیی خەڵكی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: ئەیووب داربەرزین، ڕاهێنەری لەشجوانیی خەڵكی سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەیووب داربەرزین، ڕاهێنەری لەشجوانیی خەڵكی شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفوونییەوە بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی زانیارییەکان ناوبراو لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی خۆی لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە پۆستێکی دانابوو، هەربەوهۆیەوە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بانگیان کرد و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە دەسبەسەریان کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە.