پەیامی هاوبەشی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!

بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی!

“بەندکراوی سیاسی کورد ئەو مرۆڤە بە بیروباوەرەیە کە چاوپۆشی لە هەموو خۆشییەکانی ژیانی ئاسایی کردووە و لە پێناو گەیشتن بە ئازادی، سەربەستی نەتەوەیی، دادپەروەری و یەکسانی خەبات دەکات و بەو هویەوە دەگیرێ و دەکەویتە بەندیخانە. ئەو کەسایەتییە بەرزەی کۆمەڵگا، لە بەندیخانەدا وێڕای هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک، کۆڵ نادات و دەبێتە هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان.”

بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، دوازدەی جۆزەردانی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی مێژوویەکی تاڵ و دڵتەزێنە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ٥٩ لاو و مێرمناڵی خەڵکی شاری مەهابادی بە تاوانی کورد بوون لە ماوەیەکی کورت دا دەسبەسەر و لە دادگایەکی ناعادڵانە و دوور لە هەموو پرنسیپێکی یاسایی و مافی مرۆڤی سزای ئیعدامی بەسەر دا سەپاندن و لە بەندیخانەی شاری تەورێز گولڵەباران کردن. ئەوە لە حالێک دایە کە دوای تێپەرینی ٤٢ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکە لە تاوانێکی دیکەدا، تەنانەت گڵکۆ یان شوێنی بەخاک سپاردنیشیان دیار نییە و گۆڕبزر کراون.

ئەنجۆمەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەماهەنگی و هاوفکری حیزبە سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی؛ “١٢ی جۆزاردانی” هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کردووە و لەو ڕوژەدا یاد و بیرەوەری هەموو بەندکراوانی سیاسی کورد بەبێ جیاوازی بیروڕا و هەر ڕەوتێکی سیاسی کوردستانی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بەرامبەر خۆراگری و قامەتی بەرزی ژێر سێدارەیان دادەنوێنین.

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵ تەمەنی پڕ لە جینایەتی خۆی بە شێوازی جۆراوجۆر، بەردەوام و سیستماتیک مافەکانی مرۆڤیی لە کوردستان پێشێل کردووە و بە گرتن و ڕفاندن، ئەشکەنجە و زیندانی کردن، تیرۆر و کوشتن، قەڵاچۆکردن و خاپوور کردنی ئاواییەکان، کوشتن و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، میلیتاریزە کردن، بە تاڵان بردن و شێواندنی ژینگە و داڕمانی ئابووری، ئەم نیشتمانەی داگیر کردووە و هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هەوێتی نەتەوەیی بە شێوازی نەرم و چڕی داوە، ئێعدام کردنی ٥٩ لاوی کورد تەنیا یەکێک لەو جینایەتە سامناکانەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئازادیخوازی کورد کردوویەتی.

ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە ئەوەیەکە؛ بەدرێژای تەمەنی ئەم حکوومەتە دیکتاتۆر و سەرەڕۆیە، پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی و ساتوسەودای ئابووری و سیاسی، بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی بۆتە ڕۆژەڤ، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پەراوێز خراون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەنا بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە بارمتە گرتنی دنیای ئازاد و دیمۆکراتیک وەک دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی داوەتە سەرکوتی ئازادیخوازان بە تایبەتی لە کوردستان ڕۆژ نییە کوڕان و کچانی ئازادیخواز لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا وەک؛ چالاکانی زمانی کوردی، ژینگە پارێزان، پارێزەرانی ئەدەب و کەڵتووری کوردی، خوێندکار و قوتابیان، چالاکانی هونەری، مامۆستایانی ئایینی و بازاریان و ئەسناف بە تۆمەتی بێ بنەما دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە نەکات. ڕۆژ نییە لە بێ دادگاکانی کۆماری ئیسلامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی سزای قورسی بەندکرانیان بەسەردا نەسەپێندرێ. ڕۆژانە بە بەردەوامی هەواڵی لە سێدارەدانی بەندکراوان لە گرتووخانەکانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە. ڕۆژانە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کە بۆ بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە کاری قورسی کولبەری دەدرێنە بەر دەسڕێژ و گیانیان لێدەستێندرێ یان بریندار دەکرێن. ئەوانە بەشێکن لەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە بەردەوام بە بەرچاوی ناوەندەکانی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و دنیای ئازاد پاتە دەبنەوە و بۆنەتە جێگای نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران و کوردستان و هەروەها ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە کۆلۆنیالیزم، سڕینەوە و چەوساندنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ناوەند لەهەمبەر کورد و کوردستان.

بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە کە؛ وێڕای هەموو ئەو زیندان و ئەشکەنجە و هەموو ئەو زەخت و پێشێلکاریانەی کە بەتایبەت لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵگای کوردی بە گشتی هەیە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەستی نەتەوەیی، بە شێوەی جوراوجور بەردەوامی هەیە، هەر بۆنەکانی نەورۆزی خاکیپۆشان وەک وێنەیەک لەو چالاکییانەن کە لە بزووتنەوەیەکی کلتووری و مەدەنی بوونەتە ڕەمزی بەرخودان و شوناسخوازی نەتەوەیی.

زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!

لێرە کۆبووینەتەوە کە لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، سەرەڕای بەرز نرخاندنی یادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی؛ ئاماژەیەکیش بەو دیاردەیە بکەین کە ئەگەر پێشتر بە جۆرێک ترس لە سەپاندنی حوکم و چوونە زیندان هەبوو، لە ئێستادا زیندانیانی سیاسی کچان و کوڕانی خۆڕاگری کورد بە شانازییەوە لە ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە بەشداری خزمان و هاونیشتمانیان بە چەپڵە و سروودی نیشتمانی بەرەو بەندیخانە بەڕێدەکرێن، یان لە کاتی ئازادبوونیان دا پێشوازییەکی بێ وێنەیان لێ دەکرێ و وەک نیشانەی سەرکەوتن و زاڵ بوون، شایی دەگێڕن، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە بەندیخانەمان پێخۆشە یان وەک شوێنێکی خۆش سەیری دەکەین؛ بەڵکوو لێرەدا زیندان بۆ ئازادیخوازان وەک شوێنەک بۆ سزا و پەشیمان بوونەوە دەبێتە قوتابخانەی بەرگری و نیشتمان دۆستی واتە لە وێژمانی سیاسیی نەتەوەیی‌دا گۆڕانکاری بە شوێن دەکرێ و لە سزادانەوە دەبێتە شوێنەک بۆ سوور بوون لە سەر داوا و مافە ڕەواکان و هێزی لەبڕان نەهاتووی هیوا بۆ ئازادی. ئەوە بەشێکە لە شعووری بەرزی نەتەوەی و وانەی گەنجانی وڵاتەکەمان بەرامبەر بەو هەمووە پێشێلکاریانە و لەبەر چاونەگرتنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

 زیندانیانی سیاسی تێکۆشەر!

ئێوە کە ساڵانێک لە تەمەنی پڕ لە سەروەری خۆتان لە بەندیخانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەر بردووە یان هەر ئێستا بە هۆی چالاکی جۆراوجۆر لە زیندان دان، وەک چۆن گەل شانازیتان پێوە دەکات، دەبێ ئێوەش شانازی بە خۆتان و ڕابردوو و ئێستای زیندانی سیاسی خۆتان بکەن، ئێوە وانەیەکی مێژوویین بۆ هەموولایەکمان، ئێوە بە خۆڕاگریتان بەرامبەر هەموو ئەشکەنجە و ئازار و نەهامەتییەک ڕووسوورانە سەری خۆتان و بزووتنەوەکشتان بەرز ڕاگرتووە و دوژمنیشتان بێ هیوا کردووە. بێگومان دیرۆکی نەتەوەکەمان ئەو خۆڕاگری و غروورەی ئێوە وەک بەشێکی گرینگ لە مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکا و لە هەست و نەستی خەڵکی کوردستان دا بەردەوام بە زیندوویی دەمێنیتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز) بە پێزانینەوە دەڕوانیتە خەبات و خۆڕاگری ئێوە بەندکراوانی سیاسی و سپاسی هەموو زەحمەت و پشوو درێژی بنەماڵە ئازیزەکانتان دەکەین. بەو هیوایە بە زووترین کات شاهیدی ئازادی یەکجاری ئێوە ئازیزان بین و بەری رەنج و خۆڕاگری ئێوە و تێکۆشانی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی، ڕزگای یەکجاری کوردستان بێتەدی و هەموومان لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی ئازاد و بەختەوەر بحەسێینەوە.

سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان

بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو بەندکراوانی سیاسی لە سێدارە دراو

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ کوردی

٢ی ژۆئەنی ٢٠٢٥ی زاینیی