دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی شنۆ بەناوی “میلاد ئیبراهیمزادە” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بانامەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، میلاد ئیبرام زادە، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەت توندوتیژی، دەسبەسەر کراوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو مێرمنداڵە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر و هەڕەشەکردن لە ماڵباتەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و ئەشکەنجە و لێدان دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ بنکەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.