
خۆڕاگری: محەممەد دانیاڵی، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنیی خەڵكی ئاودانان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، محمەممەد دانیاڵی، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “بنار” و هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئاودانان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری ئیلام کراوە.
ئەو چالاکوانە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.