
خۆڕاگری: عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە، چالاکی کولتووریی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕەشمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و ئەندامی ئەجومەنی کولتووریی “هەڵبجە”ـی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیداەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی، لەلایەن چەکدارانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و دۆخێکی ئاڵۆز و تۆقێنەریان دروست کردووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.