سزای دوورخستنەوەی چالاکوانێکی خەڵکی سەقز چووە بواری جێبەجێکردنەوە

خۆڕاگری: فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی خەڵكی سەقز بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوورخستنەوەکەی ڕەوانەی شاری دیواندەرە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی خەڵكی شاری سەقز و دانیشتووی شاری تاران، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە دیواندەرە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو بەپێی سزاکەی دەبێ ناوەڕاستی هەموو حەفتەیەک بە مەبەستی واژۆکردن سەردانی بنکەی پۆلیسی شاری دیواندەرە بکات و خۆی بناسێنێت و هەروەها مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شار کەرەج بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ١ساڵ بەندکردن و ٢ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرەی بەسەردا سەپێندرا.