خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ بەناوی “هێدی شادیخا” لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێدی شادیخا، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “سینگان”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.