دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بۆجێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: عوسمان دڵسۆز و هەژار دڵسۆز، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە پێشتر سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، عوسمان دڵسۆز و هەژار دڵسۆز، دوو هاووڵاتیی خەڵکی خەڵکی “زێوکە”ـی سەربە شاری پیرانشار، کە پشتر سزای ٢ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوون، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کراون.
ئەو دوو هاووڵاتییە، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار بەتۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو و ئەمڕۆ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ئەو ٢ساڵ بەندکردنە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراون.