ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی بەندکراوی سیاسی کورد ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد

خۆڕاگری: ڕۆژی شەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵیادی لەسێدارەدان و تیربارانکردنی ٥٩لاوی خەڵکی مەهاباد کە بە ڕۆژی بەندکراوی سیاسی کورد ناودێر کراوە، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بەساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، سەرەتا پێشکێشکاری ڕێوڕەسمەکە خاتوو “سیمین ڕووحانی” مەبەستی کۆبوونەوەکەی بۆ بەشداران باس کرد.پاشان پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بۆنەی ڕۆژی بەندکراوی کورد ئامادە کرابوو لە لایەن زیندانی سیاسی پێشوو خەباتکاری ناو چاڵەرەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەندامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاک “والی دروودی” پێشکێش کرا.

لە بڕگەیەکی دواتردا،بەڕێز “شارۆخ حەسەنزادە” بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” باسێکی لە ژێرناوی”فەزیلەتی بەندکراوی سیاسی” پێشکێش کرد،کە بە تێر و تەسەلی لەسەر پێناسەی زیندانی سیاسی و خۆڕاگری و قارەمانیی بەندکراوانی سیاسیی وەک مرۆڤێکی بە باوەر و ئازادیخواز کە هیچ ئەشکەنجە و ئازارەک بە چۆکی داناهێنێت و ئامادەی هەر قوربانی دانێکە لە پێناو بەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی گەلەکەی پێشکێش بە بەشداران کرد.کاک شاڕۆخ لە درێژەی باسەکەی دا باسی لە زیاتر بوونی سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کۆماری ئیسلامی دا کرد و هێندێک ئاماری لە مەڕ دەسبەسەر کراوان و ئێعدام کراوان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا پێشکێش بە بەشداربوان کرد.

لە دڕیژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەخشانە شێعرێکی خۆڕاگری کە پێشکێش بە ڕوحی ٥٩ لاوی شەهیدی ١٢ی جۆزەردان کرابوو لەلایەن سمکۆ دەستمەردی ئامادە کرابوو.

وەکو ڕێزێک بۆ خەبات و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی، لەلایەن بەڕێز “سەلاح خزرپوور” بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێزلێنان پێشکەش بە دوو بەندکراوی سیاسیی کورد کرا.

بەندکراوی سیاسی کورد بەڕێز کەماڵ شەریفی کە ١٦ ساڵە لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی دایە. ڕێزلینانەکە بە نوێنەرایەتی درابە کاک محەممەد ناسری بەندکراوی سیاسی پێشوو.

بەندکراوی سیاسی کورد خاتوو موژگان کاوسی، کە ڕێزنامەکە بە نوێنەرایەتی درا بە بە سیمای سیاسی ناسراوی کورد خوشکە خەدیجە مەعزوور.

چەندین پەیام بەم بۆنەوە ئاڕاستەی ڕێوڕەسمەکە کرابوون کە بریتی بوو لە پەیامی کاک مستەفا هیجری، ناوەندیبەرێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران،یەکێتی لاوانی دیموکراتی رؤژهەڵاتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە خوێندنەوەی پەخشانێک لە لایەن پێشکێشکار سیمین رووحانی کۆتای بە رێوڕەسمەکە هات.