دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: شەعەیب فەلاحی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، شوعەیب فەلاحی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دەرەتفێ”ـی سەربە شاری مەریوان، دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بانگک کراوە هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی وەکوو کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.