دەسبەسەرکردنی دوو مێرمنداڵی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو مێرمنداڵی خەڵکی دیواندەرە بەناوەکانی “کارۆ حەمیدی و میدیا شێخی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کارۆ حەمیدی تەمەن ١٧ساڵان و میدیا شێخی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتە سەریان، دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دیواندەرە، هەڵیانکوتاوەتە سەر پۆلێک لاو و مێرمنداڵ لە پارکێکی ئەو شارە و ئەو دوو مێرمنداڵەیان دەسبەسەر کردووە و هەڕەشەیان لەوانی دیکەش کردووە کە بەشداری لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری نەکەن.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو مێرمنداڵە لە کاتی دەسبەسەربوونیانەوە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە  و هەوڵ و تەقەلای بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لە دیواندەرە لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بەو دوو بنەماڵەیە نەداوەتەوە.