دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بەمەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ٥ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرزاد مەحموودپوور، خەڵکی شنۆ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

ناوبراو  ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانە لە ورمێ بەتۆمەتی کۆبوونەوە لەدژی ڕێژیم و تێکدانی ئاسایشی گشتی، ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێکشکاندنی کەرەستەی حکوومەتی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ئەمساڵ فەرزاد مەحمودپوور پاش ١١ مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا و هەروەها لەکاتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدا، بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی زۆری بەرپرسانی ناوەندە سەرکوتکەرەکاندا بووە.