سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ٢هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاردا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ٢هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەناوەکانیی “ناسر سوڵتانی و سادق مەحموودنژاد” لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد، سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١٠مانگ بەندکردنی بەسەر ناسر سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خورینج”ـی سەربە شاری پیرانشاردا سەپاند.

هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە، سادق مەحموودنژاد یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە چاوی بە سەختی بریندار بووە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی،سزای ٤ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.