دەسبەسەرکردنی دایکی “ئارمیتا گەڕاوەند” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شەهێن ئەحمەدی، دایکی ئارمیتا گەڕاوەند، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە تاران بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەهێن ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران و دایکی “ئاڕمیتا گەڕاوەند” کچە خوێندکاری تەمەن ١٦ساڵان کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە یەکێک لە مێترۆکانی ئەو شارە بە باتۆم لێیدراوە و تائێستا لە کۆمادایە”، لە نەخۆشخانەی “فەجر”ـئی تاران لەلایەن هێزە چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەی توندوتیژی و دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

دایکی ئاڕمیتا گەڕاوەند، پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

جێی ئاماژەیە کە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە یەکێک لە مێترۆکانی شاری تاران بەبیانووی ئەوەیکە ئاڕمیتا گەڕاوەند حیجابی زۆرەملێی نەپاراستووە، هەڵیانکوتاوەتە سەری و بە باتۆم لەسەریان داوە و هەروەها هەڕەشەیان لە بنەماڵە و هاوپۆلەکانیشی کردووە کە نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەو هەواڵە بە میدیایی بکرێ و دایک و باوکی ناوبراویان ناچار کردووە کە لێدوانی ناڕاست بۆ ڕاگەیاندنەکان بدەن.