دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پەیام ڕەنجبەر و عیرفان مورادی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری ڕایگەیاند: پەیام ڕەنجبەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و عیرفان مورادی، تەمەن ٢٤ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری “سەرپێڵی زەهاو”ـی سەربە پارێزگای کرماشانن و ماوەی ٢٢ ڕۆژە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفوونی و هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پەیام ڕەنجبەریان لە شەقامێکی ئەو شارەدا دەسبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتانە سەر ماڵەکەی و بە لێدان و بێڕێزیکردن بە براکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە، عیرفان مورادی لە ماڵی خۆیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە کە کەشێکی تۆقێنەریان بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، ۶ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.