گووڵالە مورادی سزای ٤ساڵ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرا

خۆڕاگری : گووڵالە مورادی خەڵکی پیرانشار لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لەلایەن لقی ٣ی جێگیر لە مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لە کووشتنی بە ئەنقەستی ئەندامێکی سپای پاسداران  بە ناوی”عوسمان حاجی حوسێنی” بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ١٠ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرا کە بە پێی ڕەزامەندیی بنەماڵەی ناوبراو بە ٤ساڵ بەندکرانی تەعزیری کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە “گوڵاڵە مورادی” ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی١٤٠٠ی هەتاوی لە گەڵ  دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی “مەتین بەزازی”و”تاهیر بەزازی” لە لایەن ئیتلاعاتی شاری پیرانشار دەستبەسەر ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئەو شارە کرابوون و دوای لێکۆڵینەوە کوڕەکانی ئازاد کران و ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی  گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئتلاعاتییەکانی شاری ورمێ و دوای تێپەڕبوونی ٤٥ڕۆژ لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ کرا.

گوڵاڵە مورادی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتا پڕۆسەی دادگایەکەی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.