کۆمەڵگەی مەدەنی، ئاخێز و مێژووەکەی

شاڕوخ حەسەنزادە

یەکێک لە ئاڵۆزترین کانسێپت و چەمکەکانی حەوزەی فەلسەفەی سیاسی پێناسەی «کۆمەڵگه‌ی مەدەنی»یە؛ هەر بۆیە بۆ ناساندنی زیاتر و پێناسەیەکی پتەوتر و ڕوونتر لەم چەمکە دەبێ سەرەتا بۆ لایەنی دیرۆکی و چۆنییەتیی سەرهەڵدانی بگەڕێینەوە.

لە سەردەمی بەر لە مەدەنیەتدا خەبات و تێکۆشانی مرۆڤ لەبەرامبەر دیاردە سروشتییەکاندا بووە؛ شەڕ دەگەڵ خۆزاو بۆ پاراستنی خۆیان و درێژەدان بە ژیان سەرەکیترین کەڵکەڵەی مێشکی مرۆڤی ئەو سەردەم بووە، بۆ میناک؛ بۆ خۆپاراستن لە لافاو و باران پەنایان بۆ ئەشکەوت برد، کەپر، بان، دیوار و خانووی سەرەتاییان سازکرد، بۆ دەستەمۆکردنی سێڵاو بەنداویان لێدا، جۆگە و کاناڵیان هەڵقەند، پردیان درووست کرد، بۆ خۆپاراستن لە سەرما ئاگریان هەڵکرد، بەرگیان دووری، لە ترسی شەو مۆمیان داگیرساند و زیاتر لە پێداویستیی خۆیان بەرهەمیان نەدەکرد و…، هەموو ئەو بەربەرەکانی و خوڵقاندن و داهێنانە سەرەتایەک بوو بۆ کۆمەڵگه‌ی مەدەنی. واتە خەبات و چالاکی بۆ مانەوەی ڕەگەزی مرۆڤ لەبەرامبەر دیاردەکانی سروشتیی خۆزاو کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی گووراند!

یەکەم حکوومه‌تی ژیارمەند لە مێژوودا لە ناوچەی مێزۆپۆتامیا سەری هەڵدا، دواتر لە لایەن ئەکەدیە سامی ڕەگەزەکان بە «سۆمێر» ناسران (٥٠٠٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ). بە دەستپێک و دامەزراندنی یەکەم شارەکان لەم مەڵبەندە (ئور، نیپور، لاگەش، لارسا، ئیریدۆ و…) و قەوارە و دەستەڵاتی سیاسی بە مانای مۆدێرنی ئەمڕۆ، قۆناخی دیاردە سروشتییەکان جێگه‌ی خۆی بۆ دەستەڵاتی سیاسی لێژ کرد و بۆشاییەک لە نێوان حاکمییەتی سیاسی و کۆمەڵگه‌ هەستی پێکرا کە لە یەکەم حیماسەی مرۆڤایەتیشدا (حیماسەی گێلگامێش) شەقڵی گرت. لەوێدا قارەمانی چیرۆک واتە گێلگامێش (وەک پاڕادایمی مرۆڤی شار) هەرچەند خونکارێکی سەیروسەمەر (دووبەشی وەک خوا و بەشێکی وێنەی مرۆڤ) چەختی و نەحەملاو بوو دوای هاتنی «ئەنکیدۆ» قارەمانی دووهەمی چیرۆک (وەک هێمای بنیامی کێوی) و شەڕ دەگەڵی؛ بیر لە حاڵ و دۆخی شار و خەڵکەکەی دەکاتەوە و دەستی برایەتی دەداتە دەست ئەنکیدۆ و پێکەوە بۆ پاراستن و تەناهیی گەلەکەی چەندین شەڕی قارەمانانە وەک شەڕ دەگەڵ «هومبابا»ی دێو(پاریزەرەی دارستانی کونار)، ئیشتار(ئینانا، ستێر)کچی ئانوو و ئەنکوو، ئیلاهەی ئەوین و خۆشەویستی کە گایەکی ئاسمانی دەخوڵقێنن، بۆ کوشتنی ئەو دوو کەسایەتییە کە هەڕایان دەکاتێ و ئەوانیش پێکەوە لەنێوی دەبەن! لە ئاکامدا ئەنکیدۆ دەمرێ و گێلگامێش شێت و ماخولیا دەبێ و دوای بڕینی ڕێگایەکی سەخت و دژوار بۆ گەیشتن بە «ئوتنەپشتیم» (کەسایەتیی هاڤی نووح) خاوەن ڕازی مانەوە و هەرماوی مرۆڤ، چڵە گیایەکی دەداتێ کە لە ڕێگای چوونەوەدا مارێک دەیخوا و گێلگامێش ناتوانێ ئەو پەرجووە بەرێتەوە شارەکەی و دەگەڵ خەڵکەکەی و ئەنکیدۆ کە مردووە بیخوا بۆ هەرمانییەتی خۆیان. دواتر شنەی شەماڵ بیرۆکەی مافی کۆمەڵ دەداتە دەست حەمووڕابی(١٧٥٠-١٧٩٢پ.ز) خونکاری بابیلۆن و بە نووسینەوەی ٢٨٢ یاسا بۆ تەناهی و پاراستنی کۆمەڵگه‌ لەسەر تاتەبەردێک لە نیزیک شاری شووش مێشکی بیرمەندانی وەچەی داهاتوو بۆ ئەم تێئۆرییە ئامادەتر دەکا (هاڤی مووساش بۆ قەومی بەنی ئیسڕائیل یاسایەک لە دە بڕگەدا دەنووسێتەوە).

ڕەشەبا و لافاوی دیجلە و فوڕات تۆچان لە بەرقەد، خرزی ورد بە یەونانی کۆن وەردەکا و لەوێش دەبێتە دیسکۆرسی بیرمەندانی بەناوبانگی وەک «ئەفلاتوون»(٤٢٧-٣٤٨پ.ز) بە نووسینی کتێبی»کۆماری» ئەو توخمە پەروەردەتر دەکا. ئەفلاتوون پێی وایە «عه‌داڵەت» بە یەکگرتوویی کۆمەڵگه‌ و دەوڵەت بەدەست دێ، ئەو دەیویست خەسارناسی ئەو دەستەڵاتە سیاسییە بکا کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکرد ئاخۆ چۆن تاکەکانی کۆمەڵگه‌ لە دژی حکوومه‌ت وەردەسووڕێنەوە و قەیرانی جیدی بۆ دەستەڵات ساز دەکەن دەگەڵ ئەوەیکە خۆیان هەڵیان بژاردووە! بۆیە پێی وابوو باشترین حکوومەت ئەو حکوومەتەیە کە خەڵک دیاریی دەکا و ئەم دوو چەمکە (حکوومەت و کۆمەڵگه‌) بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکیان گرێ بدا. بناخەی تێئۆرییەکەشی ئەوە بوو، چۆن دەکرێ مکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ هێزی کار و ئاسوودەیی زیاتری کۆمەڵگه‌، دەگەڵ ئەوەیکە پشتیوانی بەهێزی حکوومه‌تی سیاسیی وڵاتەکەی دەکرد.

(poletic) بەرهەمی فەیلەسووفی ناسراو «ئەرەستوو»(٣٨٤-٣٣٢پ.ز) بوو، ئەو بیرمەندە بە داهێنانی مەفهوومی (police) «شار» (وشەی مەدەنی لە مدینە-وە دێ، هەر بە مانای شار وەک هێمای ژیار و مەدەنییەت) وەک ئەنجومەنێکی سیاسیی لەنێو کۆمەڵگه‌ پتر بایەخی بەم بوارە دا هەرچەند لە سەردەمی ناوبراودا هێدی هێدی دەوڵەتشارەکان لاواز دەبوون و قەوارەی دەستەڵاتەکان زیاتر خۆی لەبەر یەک دەکێشایەوە، ئەساسی باسەکەی ئەرەستووش هەر وەک مامۆستایەکەی (ئەفلاتوون) پتەوترکردنی دەستەڵات بوو، کەڵکەڵەی هەموو بیرمەندانی ئەو سەردەم هەتا چاخی ڕۆشنگەریش بڕەودان بە دەستەڵاتە سیاسییەکان بووە هەرچەند لەوبەینەشدا تێرمی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە پێوانە و پێناسە و تێگێشتنی سەردەمی خۆی لە قەرەی دراوە! خەمی ئەرەستوو زۆرتر دۆزینەوەی ئەو ماتەوزە سروشتی و ڕەوشتییانە بوو کە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵگه‌ لە بەرامبەر دەستەڵاتێکی بە هێز بەکار دەهات بە جۆرێک گرینگیدان هەم بە حکوومه‌ت و هەمیش بە کۆمەڵگه‌، هەر بۆیە زۆر جار گەمەیان بە «بەڕبەڕ»ەکان دەکرد کە ناتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە بەشداریی ئەنجومەنەکان و دەستەڵاتی خۆیان بن. سیسرۆ (Cicero ١٠٦پ.ز-٤٣ز) لە فەیلەسووفانی ڕۆمی کەونارا بوو کە کانسێپتی کلاسیکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی دەوڵەمەندتر کرد، ناوبراو دژایەتیی توندی دەرەبەگ و ئەشرافی دەکرد و پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکانی تەکز دەکرد! سیسرۆ هەرچەند باوەڕی بە «سێنا» هەبوو بەڵام بانگەشەی هەرەزۆری بۆ چاکسازیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە، ناوەندی دۆکترینەکەی «ئاوەزی ساغ» بوو؛ بۆ تەکوزدان بە کۆمەڵگه‌ کە هاوئاهەنگ دەگەڵ سروشتە، ئەو پێی وابوو ئێمە دەتوانین بە ئاوەزی ساغ ورەی کۆمەڵگه‌مان بەرز بکەینەوە کە ئەوەش سروشت بە ئێمەی بەخشیوە (سروشت بە مانا بانخۆزاوەکەی). بەپێی تێئۆریی ئاوەزی ساغ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و سیاسی بوونی نییە چونکە پێش مەرجی هەرکان کۆمەڵگه‌یە بۆ وەدەیهێنانی هەنێ ماف؛ سیسیرۆش زۆرجار لە چەمکی دەوڵەتشار بە پێوەری یوونانییەکەی کەلکی وەرگرتووە. لە سەروبەندی ڕەوشی ئاڵۆزی ئیتالیا هەر وەک سەدەی هەژدە و نۆزدەی دۆخی کوردستان میرنشینەکان هەرکامەیان قوڵە حکوومەت و دەستەڵاتێکیان بۆخۆیان وەسەریەک نابوو و پەرش و بڵاوییەکی زۆر دۆخی سیاسیی ئیتالیای داگرتبوو، لەو کاتەدا نیکۆلۆ ماکیاوێلی(١٤٦٩-١٥٢٧ز) نیشتمانپەروەر لە میرنشینی فلۆرانس دێتە مەیدان و هەموو خۆزیا و ئاواتەکەی ئەوەیە بتوانێ ئەو حکوومەتۆکانە لەدەوری یەک کۆ بکاتەوە و وڵاتێکی یەکگرتوو و بەهێز بۆ هەمووان درووست بکا، ماکیاوێلی دەگەڵ ئەوەیکە ناوی بەچاکە ناهێنرێ (فرانسس بیکەن لەسەر ماکیاوێل دەڵێ: ئێمە قەرزداری کەسانی وەک ماکیاوێلین؛ ئەو لایەنی واقعیی جیهان و سیاسەتی پێشانی ئێمە دا نەک ئەو ئادگارەی ئێمە دەمانهەوێ و دەبێ ببێ!)، لێبەلێ بە نووسینی شالیار (prince) بۆ خاک و خەڵکی خۆی مێژووی خوڵقاند. نیکۆل لەهەموو مێتۆدەکانی دەستەڵات کەلک وەردەگرێ بۆ دامەزراندنی حاکمییەتەکی یەکگرتوو و بەهێز کە لەوێدا هەم دەوڵەتمەداران خێری لێ بکەن و هەمیش کۆمەڵگه‌ بە دەستکەوتی بزانێ. ئەو پێی وابوو ئەو جۆرە دەستەڵاتە دەتوانێ داخوازییە ڕەواکانی کۆمەڵگه‌ جێبەجێ بکا و پرسی ئابووری و سیاسی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەخوڵقێ. هەر لەو سەردەمەدا بوو مارتین لۆتێری قەشە بە ڕێفۆرمێکی کوتوپڕ لە ئایینی کریستیان دوو چەمکی دەوڵەت و ئۆلی لێک جیاکردەوە و ڕێگای بۆ برەودانی زیاتری کۆمەڵگه‌ی مەدەنیش خۆشتر کرد!

توماس هابز(١٥٨٨-١٦٧٩ز) دەگەڵ ئەوەیکە بۆ دەستەڵاتێکی بەهێز و دەوڵەت ڕوانینێکی زۆر تۆخی هەبوو بەڵام بە نێوەندگیری گرێبەستی کۆمەڵایەتی ڕەهەندێکی جیاوازی خستە بەردەم فەیلەسووفانی دوای خۆی هەتا ئەو جێگایەی تێئۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی جان لاک لەسەر بناخەی ئەو بیرۆکەیە بیچمی گرتبوو، ئەو دوو بیرمەندە لەسەر ئەم خاڵە کۆک بوون کە هەموو مرۆڤێک «مافی سروشتیی» هەیە کە ئەویش بریتییە لە ئازادی و مافی خاوەندارێتی، گرێبەستی کۆمەڵایەتی پەیمانێکە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگه‌ و دەوڵەت بۆ ژیان لە نیزامێکی مافمەندی هاوبەش، ئەگەر بێتوو دەستەڵاتی سیاسی لەو مافە پارێزگاری نەکا کۆمەڵگه‌ دەتوانێ بیڕووخێنێ. هەروەها لاک هەر وەک هابز پێی وابوو کە تەنیا هەبوونی مافی سروشتی لە «دۆخی سروشتی»دا بەس نییە، کەوابوو خەڵک بۆی هەیە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دامەزرێنێ هەتا گیروگرفتی نێوان کۆمەڵگه‌ و حکوومه‌ت بە ڕێکاری مەدەنی چارەسەر بکرێن، هابز باسی لە «ڕەوشی سروشتی» دەکا ئەو جێگایەی کە دەستەلاتی سیاسی ئامادە نییە و زەروورەتەن لە حاڵی شەڕ دایە بەو واتایە ئەو ڕەوشە کاتێکە کە تاک یا مرۆڤ نەگێشتۆتە قۆناخی بابەتی سیاسی و هێشتا لە ڕەوشێکی ئاسایی دایە؛ بەم واتایە ئالێرەیە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی جێگای دەبێتەوە و دێتە نێو مەیدان، لاکیش دەیگوت دەی باشە دۆخی سروشتی فرە خاسە بەڵام دەبێ یاسای خۆزاویشی هەبێ کە ئەمانە پێک گرێدراون، ئەو پێشمەرجەی جان لاک بۆ تیژ بوونی «ئاوەز» دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەری ڕەوشی چاکسازی لەنێو کۆمەڵگه‌ و ژیانێکی ئاسوودە و ئاشتییانە. جان لاک دەڵێ بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵگه‌ مافی خۆیەتی حکوومەت هەڵبژێرێ سا ئەو دەستەڵاتە سیاسییەی کە هی خەڵکە دەبێتە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کە تاکەکانی کۆمەڵگه‌ پێیان بەخشیوە و هەر کات بخوازن ئەو شانازییەی لێ دەستێنەوە، ئەم کرانەوەیە دەرگه‌ی باسکردنی زیاتر و بایەخدان بە چەمکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە باوەڕەکانی ڕۆسۆ زیاتر کردەووە و گرێبەستی کۆمەڵایەتیی بەشێکی لە سەر خانی بیرمەندانی پێش خۆی نووسییەوە دەگەڵ ئەوەیکە ڕەخنەی لە دۆخی سروشتی دەگرت لەهەمان کاتدا پێی وابوو دەتوانین بە دامەزراندنی حکوومەتێکی خەڵکی سەربەخۆیی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیش دەستەبەر بکەین و نیزامێکی مەدەنی داهێنین. لەو بەینەدا فێرگۆسن جوانترین و ڕوونترین پێناسەی بۆ کۆمەڵگه‌ی مەدەنی هەیە ئەو دەڵێ؛ کۆمەڵگه‌ی مەدەنی جۆرێک نەزمی نوێی سیاسییە ئاکامەکەی ژیار و شارستانییەتە و دەستەڵاتێکی سیاسیی تێگێشتوو و پێگێشتوو لەسەر بنەمای یاسایە، ئەو دەنووسێ، مرۆڤی بەشدار لە کۆمەڵگه‌ی مەده‌نی باشترین و جوانترین خولیاکانی تێدا دەبینێتەوە و بەدی دەکا و شوێنێکە بۆ دەربڕینی هەموو هەستە ئینسانییەکانی، ئەو شێوازە واتە تاکمەندی بە کۆمەڵ بە قازانجی هەموو خەڵکە.

زۆرترین دەستکەوتی مۆدێرنیتە هێگڵە، باوەڕ و تێئۆری ئەو فەیلەسووفە دەگەڵ پێشینیانی خۆی زۆر جیاوازە، ڕاستە هێگڵ زۆرترین باسەکانی خۆی لە سەر ئیدئالیزم کردووە بەڵام بە ڕوانینی دیرۆکی، خۆی لە قەرەی کۆمەڵگه‌ش داوە وەک هەرچۆن دواتر مارکس وەک بۆخۆی دەڵێ؛ بیرۆکە و هزری هێگڵم بەراوەژوو کردەوە و چۆنییەتی «دیالێکتیک»م گڕوتین پێ بەخشی، ئەو کۆمەڵگه‌ و دەوڵەت بە بنەماڵە دەشوبهێنێ، و جێگایان دە دوکتورینی خۆیدا ئاوا دەکاتەوە (تێز=بنەماڵە، ئانتی تێز=کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، سێنتێز= دەوڵەت) بەڵام چونکە ئەو ڕوانینە لە دەلاقەی ئابوورییەوە (لە هزری هێگڵدا بەرژەوەندییەکانی بورژوا زۆرتر لەبەرچاو گیراوە و کۆمەڵگه‌ی مەدەنیش وەک کۆمەڵگه‌یەکی سرفی ئابووریی بۆ چینی باڵادەست پێناسە بۆ کردووە) بوو و مارکسیش وەک کەسێکی ئارمانگەرا و شۆڕشگێڕ بیری دەکردەوە لە بەرامبەری وەستا و بە گژ ئەو تێزە داهات و ڕوانینی خۆی بە چاویلکەی شەبەنگی بەرژەوەندییەکانی پرۆڵیتاریا نووسییەوە.

***