کەماڵ کەریمی
کورد ئەگەر بەداخەوە بە هۆی دابەشکراویی نیشتمانەکەی، لە حاڵێکدا کە کاتی ئەو دابەشکارییە حەشیمەتی کورد لە سەر خاکی عوسمانی لە زۆربەی ئەو بەشە لە نەتەوەی عەرەب کە وڵاتیان بۆ دروست کرا زیاتر بوو، لە هەموو ئەو وڵاتە دروستکراوانەی ناوچەدا لە باری حەشیمەتەوە لە کەمایەتی دایە؛ بەڵام لەسەر خاکی خۆی ژیاوە و لە هەرکام لەو وڵاتانەدا هەتا ئیستاش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی نەتەوەیی ماوەتەوە و دیارە. ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتی دابەشکردنە زاڵمانەیەی بریتانیا و فەڕانسە و لەبەرچاونەگرتنی مافی کوردەکان، لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەهۆی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی خۆی لەبەرامبەر سیاسەتی لەنێوبردن و تواندنەوەی لە هەموو ئەو وڵاتانە و بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش؛ بەرەنگاربوونەوە و نائارامی بووە. لە سووریەش سەرەڕای دەیان ساڵ سیاسەتی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردنشینەکان و زوڵم و زۆری و حاشاکردن لە ناسنامە و شوناسی کوردییان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەوە، ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد پێداگرییان لەسەر مانەوە لەسەر خاکی خۆیان کردووە و بە تەحەمولی گرتن و کوشتن و دەربەدەری و بەردەوامییان لە مافخوازی، گەلێ فیداکارییان کردووە هەتا خاک و ناسنامەی خۆیان بپارێزن.
بە دوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەڵک یەک لە دوای یەک لە وڵاتانی عەرەبی، خەڵکی سووریەش لە شاری درعاوە لە دژی دەسەڵاتی حکوومەتیی سووریە ڕاپەڕین و سەرەتا ئەو شارەیان بەدەستەوە گرت. دواتر دەربڕینی ئەم ناڕەزایەتییانە پەرەیان سەند و بە سەرهەڵدانی دژایەتی بەشێک لە سەربازان و ئەفسەرانی ئەرتەش لە گەڵ بەشار ئەسەد، زۆربەی ناوچەکانی وڵات و تەنانەت دیمشقی پێتەختیشی گرتەوە. ئەمە دەرفەتێکی باشی درووست کرد تا کوردەکانیش کە ساڵانێک بوو ڕاپەڕینەکانیان لە تەنیاییدا سەرکوت دەکرا بیر لە ئازادکردنی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بکەنەوە و بەرەبەرە هێندێک لە ناوچە کوردییەکان کەوتە ژێر دەستی کوردەکان. شڵەژاویی دەسەڵات لە نائارامییە نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە و لاوازیی ڕووبەڕووبوونەوەیان وای کرد کە حکوومەتی سوورییە هێزەکانی لە بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکان بکشێنێتەوە و ڕادەستی «یەکینەکانی پاراستنی گەل«یان بکا.
سووریە کەوتبووە نائارامییەکی بێسنوور کە گرووپی ئیسلامیی داعش سەری هەڵدا و لە دوای عێراق لەو وڵاتە بە شێوەیەکی کتوپڕ دەستی بەسەر ناوچەیەکی بەریندا گرت و بە مەبەستی گەیشتن و کونترۆڵی سنوورەکانی تورکیە پەلاماری ئەو ناوچانەی دا کە بە دەست یەپەگەوە بوو. ئەمە بووە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕێکی گران لەو ناوچانە و کوردەکان لە دوای هەرێمی کوردستان لە باشوور بۆ پاراستنی خۆیان لە ڕۆژئاواش تووشی شەڕێکی درێژماوە لەگەڵ داعش هاتن. شەڕێک کە بە دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش پێی وڵاتە زلهێزەکانی بۆ سوورییە کردەوە و ئەمە یارمەتیی هێزە کوردییەکانی دا هەتا بەسەر داعشدا سەرکەون و، شەڕی کۆبانێ کە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش دەوری باشیان تێدا هەبوو، وەک حەماسەیەکی مێژوویی لە دنیادا دەنگی دایەوە. زیاتر لەوەش بە دروستکردنی سوپای سوورییەی دێموکرات و بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناوچەیەکی بەرینیان لە سوورییە خستە ژێر کۆنترڵی خۆیان. دیارە ئەمە دژکردەوەی دەوڵەتی تورکیەی بە دوای خۆیدا هێنا و بە دوای هەڕەشەی بەردەوامی تورکیە و بە بیانوی بوونی پ ک ک لەو ناوچانە، ئاخرییەکەی بە بەرچاوی دنیا و بێئەوەی لایەنەکانی هاوپەیمانی ناڕەزایەتییەک دەربڕن، ئەرتەشی پۆشتە و پەرداخی تورکیە هێرشی کردە سەر عەفرین و کۆتایی بە دەسەڵاتی یەپەگە لەو ناوچەیەدا هێنا و مەترسیی لەسەر ناوچەکانی دیکەش دروست کردووە.
ئەزموونی ئەم دەورە لە خەباتی کوردەکانی ڕۆژئاوا کە ئەوانیش توانییان وەک تەجرەبەی هاوشێوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئەم بۆشاییە سیاسییە وەک دەرفەتێک بەکاربێنن بۆ پەرەپێدان بە خەباتی خۆیان، ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو. لاوازیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، شەڕی ماڵوێرانکەری داعش و بە هۆیەوە هاتنی هێزی هاوپەیمانان، ئازایەتی و لەخۆبووردەیی کچان و کوڕانیان و پشتگیری هەموو کوردستانییان، یارمەتیدەر بوون هەتا ناوچەکانی کوردستان ئازاد بکرێن. بەڵام ئیستا دوای کۆتاییهاتن بە شەڕی داعش، وەخۆکەوتنەوەی هێزی حکوومەتی، لاوازی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە وگرتنەوەی ناوچە لەدەسچووەکان لەلایەن حکوومەتی سوورییەوە، درێژەی هەڕەشەکانی تورکییە، پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە هەرچەند باس لە درێژەی پشتیوانییەکانیان لە کوردەکان دەکەن، شێوازی گەمەکەی بەرەو گۆڕان بردووە و ئەوان پێویستە بە جۆرێکی دیکە و ڕوانینێکی نوێوە بیر لە خۆیان و داهاتوویان بکەنەوە. یەکێک لە پێویستییەکانی خەباتی نەتەوەیەک بەشداریپێکردنی هەموو توانا فکری و کارییەکانی ئەو پێکهاتەیە کە بە داخەوە لەو ماوەدا بە بیانووی یەک دەسەڵات و یەک هێزی چەکدار، ئەو جۆرەی دەبوو بیر لەو بابەتە نەکرایەوە و بە کردەوە خەڵک بە هۆی حیزبەکانیانەوە کەوتنە دوو بەرەی جیاوازەوە. بۆیە لە ئیستادا زۆر پێویستە لە جیاتی ڕوانینی تاک لایەنە بیر لە هاوهەڵوێستی زیاتر بکرێتەوە هەتا لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا، هەموو لایەنەکان و لە ڕێگەی ئەوانەوە تێکڕای خەڵکی تێکۆشەری ئەو بەشە خۆیان بەرامبەر بە داهاتوو بە بەرپرسیار بزانن. خۆ دوورخستنەوە لە کێشە ئیقلیمییەکان و نەهێشتنی حەساسییەتەکان کە ڕێگەی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچە لە دژی بزووتنەوەکە خۆش دەکا و هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن لەگەڵ واقعییەتەکانی سیاسەتکردن لەو ناوچە ئاڵۆزەدا ڕەنگبێ یارمەتیدەر بێ بۆ دەربازبوون لە ئەگەرە ناخۆشە چاوەڕوانکراوەکان.
بێگومان بوونی هێزە دەرەکییەکان کە بە دڵنیاییەوە تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لەوێن لە قۆناغێکی دیاریکراودا دەتوانێ یارمەتیدەربێ بۆ بردنەسەرێی وزە و گەشەی بزووتنەوەیەک، بەڵام لەو ناوچەدا کورد دەبێ زیاتر بیر لە تواناکانی خۆی و دیتنەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی بکاتەوە. ئەوەی کە ئیستاش لە سووریە بە هۆکاری نێوخۆیی و پاڵپشتی سیاسی زلهێزەکان ڕێگەی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵات ماوە هەل و دەرفەتێکی باشە هەتا قورسایی خۆیانی بخەنە سەر و حکوومەت ناچار بکەن بۆ دانپێدانان بە بوونی کورد لەو وڵاتە وەک پێکهاتەیەک و دەستەبەرکردنی لانیکەمی مافەکانیان و بە یاسایی کردنی ئەو مافانە.
بزووتنەوەی کورد لە سووریەلە ئێستادا بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێ و ئەوە دەخوازێ کە هەموو لایەک بە بەرپرسیاریەتیی زیاترەوە و بە خۆپاراستن لە تاکڕەوی، بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە و پاراستنی مەوجوودیەتی کورد بڕواننە بابەتەکە.