ئازادکرانی چوار مامۆستای دەستبەسەرکراوی دیواندەرە بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی چوار مامۆستا و چالاکی سێنفی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی”ئومید شامحەممەدی”،”هیوا قوڕەیشی”،”پەرویز ئەحسەنی”و”کاوە محەممەدزادە”خەڵکی دیواندەرە هەر کەمیان بە دانانی بارمتەی ١میلیارد و ٥٠٠میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگاکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە ئازاد کران.

جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییانە لە شەپۆلی ڕەشبگیری مامۆستایان ڕۆژی چوارشەممە٢٥ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش ٤ڕۆژ ڕاگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان گوازراونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە.

ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیان تا ئێستا لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

شایانی باسە ئەو چوار مامۆستایە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراون.