دەستبەسەرکرانی ٦ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی ٦هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی””چیا پیرزاد” کوڕی تاهیر ،”جەلال مەحموودی” کوڕی سەعید “ئەمیر بایزیدی ‌ئازەر” کوڕی مستەفا، “شارام بایزیدی‌ئازەر” کوڕی تاهیرو”کامبیز بایزیدی‌ئازەر” کوڕی تاهیرو “لوقمان بەهرامی” کوڕی محەممەدئەمین لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و گوازراونەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە پێی زانیارییەکان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەمیر، شارام، کامبیز و چیا لە گوندی “لەج”سەر بە شاری مەهاباد دەستبەسەر کردووە و “جەلال مەحموودیـ”ـیان لە شوێنی کارەکەی لە مەیدانی تەڕەباری مەهاباد دەستبەسەر کردووە و “لوقمان بەهرامی”لە گوندی “قەرەشڵاخ”لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەمیر بایزیدی پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی پروپاگەندە بە دژی نیزام لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای ٣مانگ و ١ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرابوو کە ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری سآڵی ڕابردوو پاش تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەست دا نییە.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri