بیست و پێنجی گەلاوێژی ئەمساڵ ٧٧ مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانە. بەو بۆنە پڕگرینگە میژوویی – سیاسیییە، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە هەموو تێکۆشەرانی دێمۆکڕات، لە کوردستان و تاراوگە دا، دەکەین. ئەگەر سێ ساڵ تەمەنی پڕ لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (کژک)، کە حیزبی دێمۆکڕات دڕیژەی جەوهەری بەرنامەی ئەو رێکخراوە گرینگە کوردییە وەسەریەک خەینەوە، بۆ ئازادی و مافی لەبەرچاو نەگیراوی نەتەوەی دابەشکراوی بە ناڕاوی کورد خەبات و خۆڕاگریی ٨٠ ساڵە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە مێژوویی هاوچەرخ دا، بەردەوامە.
لەو ماوەیەدا، زیندانی سیاسی بەردەوام سیمایەکی تایبەتی داوە بە خەبات و تیکۆشان. چوونکە ڕۆڵەکانی کورد بۆ ویست و داخوازییەکانی نەتەوەیی، بەرخۆدان و خۆڕاگریان کردۆتە ئامرازێکی زۆر گرینگ دژی دەسەڵاتی ڕیژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی کە کردەوەی داسەپاندنی سەرەڕۆییان ئەنجام داوە.
لە دوای ساواکوژکرانی کۆماری کوردستان و زیندانی کرانی ژمارەیەک، سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی ،بەرزترین بەرپرسان بوون کە لە ژێر دەسەڵاتی نیزامی لە پادگانی مەهاباد دا، زیندانی کران. دەسەڵات بۆ چاوترسێن کردن و خوڵقاندنی فەزای خۆسەپێنی سەرەڕۆیی، جگە لە بێرێزی، ئەشکەنجەی دروونی و جەستەیی، دەستپێکردنی ئیعدام و بە جەستە لەنێوبران، لە سەقز، مەهاباد، بۆکان و شوینی دیکە، ئەنجام دران. بەڵام نە لە کوردستان و نە لە سەرانسەری ئێران دا، زیندانی کران و لەنێو بران، ژمارەی بیناکانی زیندان، کە بەردەوام زیاد و زیاتر بوون و دەبن، نەیتوانی و ناتوانێ مرۆڤە بەهەست و سۆزدەرانی ئازادی و مافی ئینسانی و نەتەوەیی، لە حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدنییەکان دوور کاتەوە.
بۆیە ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی دەرەوەی وڵات، سەرەڕای رێز و حورمەت بۆ هەموو شەهیدان و نەمرانی کوردستان و هەموو تێکۆشەرانی گەلانی ئێران، بەرخۆدان و تێکۆشان لە لایەن زیندانییە سیاسیی و مەدەنییەکان، زۆر بەرز دەنرخێنیین، و داوای یەکگرتوویی ڕیزەکانی هەموو حیزب و رێکخراوەکان، بۆ خەبات دژی دەسەڵاتی نگریس و توتالیتێری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.
ئێمە ئەمساڵ، لە حالێکدا یادی شکۆداری ٢٥ ی گەلاوێژە دەکەینەوە کە زۆر بەخۆشییەوە، پڕۆسەی یەکگرتنەوە و یەکبوونی دێمۆکڕاتەکان گەیشتوەتە دوایین قوناخی جێبەجێ کردن. وێڕای پیرۆزبایی زۆر گەرم لەو بواردەش دا، ئومێدەوارین ئەو پڕۆسەیەی لەنێو حیزب و رێكخراوەکانی کۆمەڵەش کە لەئارا دایە، ئاکامی زۆر باشی هەبێ و بە بەهێزکردنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، و بەرفراوان کردنی، هەموو ڕێکخراوەکانی مەدەنیی بەرایی وئاراییەکانیش هەوڵ بۆ بەرەیەکی گشتگیر بدرێ.
جێی خۆشحالییە کە لەمساڵ دا، حەمیدی نووری (عەبباسی)، یەکێک لە جەنایەتکار و مرۆڤکۆژانی ئیسلامی سیاسی شیعەی ویلایەتی موتڵەقەیی فەقهیی خومەینی و خامنەییە، لە وڵاتی سوئێد، لە ستۆکهۆڵمی پێتەخت، لە دادگای ناوچەی ٤ دا، بە زیندانی هەموو ماوەی لەوەبەدوای ژیانی (ئەبەد) حوکم درا. ناوبراو کە بە حوکمی “بنەمای سەلاحییەتی قەزایی نێونەتەوەیی” گیرا؛ بە دان پێداهێنانی خۆی، پتر لە ٢ ساڵ لە “بەرەی کوردستان” دا، کاری بەشداری کوشتاری گەلی کوردی بە تاک و کۆ کردبوو، و لە کوشتاری بەکۆمەڵی زندانییە سیاسییەکان بەتایبەتی لە هاوین و پاییزی ١٣٦٧ (١٩٨٨)، لە زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشت دا، مۆرەیەکی زۆر گرینگ بوو.
هەروەها، زۆر جێی داخە کە پتر لە پێنج مانگە هێرش و شەڕ دژی ئۆکراین لە لایەن ڕووسیەوە، دەستی پێکردەوە. کۆشتاری زۆری بە کۆمەڵ و تاک، لەنێو نیزامی و نا نیزامییەکان، وێرانی و ئاوارەی، دیلی و زیندانی، گرانی و ئاوسانی جیهانی، وەزعی ناخۆشی ژینگە و هەنگاو نان بەروە شەڕی ساردی دوویەم و… لە دیاردە ناخۆشەکانی ئەو شەڕن. ئەو شەڕی دوای دیداری سێ قۆڵی لە تاران، لە نێوان پوتین، ئەردۆغان و ڕەئیسی و پشتیوانی و ئامادەیی دڕۆنایی ئیسلامی شیعی، وەزعەکەی شێواوتر و ناخۆشتر کردەوە. ئومێدەوارین هەرچی زووتر، بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە ئەو شەڕەی کە ئیمکانی گەورەتربوونەوەی بەداخەوە هەیە، کۆتایی بێ.
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا هەوڵی بەرپرسانە و یەکگرتووانە دەتوانێ خەبات و تیکۆشانی فرە ڕەهەند، پتربخوڵقێنی و ئۆمێد بۆ سەرکەوتنی مەزن کە لابردنی سەرەڕۆیی و بەرهەمهێنانی ئازادی، دێمۆکراسی و مافی نەتەوەکان بە گشتیی و نا فارس و کەمایەتییەکان بەتایبەتی بەدی بێن.
سەرکەوەی خەباتی هەمە لایانەی، ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، خانە نشینەکان، گەلان و زیندانییە سیاسییەکان.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ١٦ ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ بەرانبەر بە ٢٥ ی گەلاویژی ١٤٠١