زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (خالید زەمانی)

ئا: دیاکۆ دانا

به‌ندكراوانی سیاسیی کورد لە ڕیزی باشترین، شه‌ریفترین، ئەرک‌وەخۆگرترین و بوێرترین توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا جێ دەگرن. ئەوان لەپێناوی ئازادی، مافی نەتەوایەتی، یه‌كسانی، دادپەروەری، نەهێشتنی هیچ چەشنە فەڕق و جیاوازییەکی ئیتنیکی، ئایینی و ڕەگەزی و؛ لەپێناو وه‌پێناو وه‌دی هێنانی ئارمانه‌ مرۆییەکاندا تێکۆشاون و لەو سۆنگەیەوە تێچووی قورسیان داوە. لەم ژمارەی زیندان بەزێنەکانی ئێمەدا باس لە ژیان و بەسەرهاتی “خالید زەمانی” یەکێکی دیکە لە زیندانییانی سیاسی کورد دەکەین. بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران! سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا خەریکی کێشانی چاردەیەمین ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی یەزددایە.

خالید زەمانی خەڵکی شارۆچکەی کوتول (قوتوور) سەر بە شاری خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.  خالید (سادق) ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن هێزەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی  دەستبەسەر کرا. ئەو بۆ ماوەی پێنج حەوتوو بە خراپترین شێوە خرایە ژێر ئەشکەنجەی جۆراوجۆری جەستەیی و ڕوحی بۆ ئەوەی ناچار بە داننانی زۆرەملێی بکەن. خالید زەمانی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە پەروەندەی لەدژی دروست کرا، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری خۆی بە سەرۆکایەتی “قازی نەورۆزی” دادگایی کرا.

خالید زەمانی کە تۆمەتی “موحاربە لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”ی درابووە پاڵ، سەرەتا سزای “بڕینی دەستی چەپ و لاقی ڕاستی” بەسەردا سەپا. پاش لێدانی تانە لەو بڕیارە و داوای پێداچوونەوە بەو پەروەندەیە، حوکمی دادگای شۆڕشی شاری خۆی لە دیوانی بەرزی وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوەی ورمێ نێردرا و دواجار سزای ٣٠ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی یەزد لەسەر ناوبراو یەکلایی کرا. ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدا تاوانی “موحاربە”ی درایە پاڵ، کە لە پەرووەندی ئەودا هیچ بەڵگەیەک نەبووە لەسەر ئەوە کە ناوبراو لە عەمەلیاتی چەکدارانە لەدژی ڕێژیمدا بەشداریی کردبێ.

خالید زەمانی ڕۆژی ٣٠ سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ پاش ساڵێک مانەوە لە زیندانی ماکۆ و بێبەشبوون لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد دوور خرایەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە بەدواداچوونیان بۆ پەروەندەی خالید زەمانی کردوە، بەمجۆرە باس لە ڕووداوی گیرانی ناوبراو دەکەن: ساڵێک پێش دەستبەسەرکرانی خالید لە ناوچەی “جهنم درە”ی سەر بەشاری خۆی شەڕ و لێکدانێک لەنێوان سپای پاسداران و دەستەیەک لە گریلاکانی پژاکدا ڕوو دەدا. بەدوای ئەوەدا حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوو کەس بە ناوەکانی فەیسح یاسەمەنی و فەهیم ڕەزازادە دەستبەسەر دەکەن و پاش دوو مانگ لە گیرانی ئەو دوو کەسە ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خالید زەمانی و ئەویش دەگرن.

فەیسح یاسەمەنی لە بەفرانباری ساڵی ٨٨ ئێعدام کرا و “فەهیم ڕەزازادە” دادگایی و سزای ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمانی بەسەردا سەپا. سەپاندنی سزای ٣٠ ساڵ زیندان بەسەر خالید زەمانی لە حاڵێک‌دایە کە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان باس لەوە دەکەن ناوبراو نەک هەر لەو شەڕەدا بەشدار نەبووە، تەنانەت ئەندامی پژاکیش نەبووە، ئەوە نەبێ کە پێش تێکهەڵچوونەکان گریلاکانی پژاک ڕووی لێ دەنێن و ڕێگای دوو ئاوایی لێ دەپرسن و ئەویش ڕێگاکانیان پێشان دەدا.

دوا زانیارییەکان لەسەر پەروەندەی خالید زەمانی ئەوەن کە پارێزەی ناوبراو ڕۆژی ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ بەپێی ماددەی نوێی یاسای سزادانی ئیسلامی داوای پێداچوونەوەی سەرلەنوێی بە پەروەندەکەی خالیددا کردوە کە سەرەڕای تێپەڕینی نیزیک بە ٣ ساڵ لەلایەن دستگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە هیچ وەڵامێک بەو داواکارییە نەدراوەتەوە.

خالید زەمانی خێزندار و خاوەنی ٤ منداڵە. منداڵەکانی ناوبراو بەهۆی دۆخی نالەباری ژیان وازیان لە خوێندن هێناوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان شانیان وەبەر کار ناوە. خالید لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بەندکراوە، تا ئێستا چەند جار دوای مەرخسیی کردوە و سەرەڕای ئەوەی کە شۆڕای ئینزباتیی زیندانی ناوەندی یەزد هیچ لارییەکی لەگەڵ داوای ناوبراو نەبووە، بەڵام بەهۆی ڕێگریی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەو داوایە بەردەوام ڕەت کراوەتەوە. تەنانەت هەر لەسەر بڕیاری سپای پاسداران لە هەر ئیمتیازێک بێبەری کراوە کە بەهۆیەوە بەر لێبووردەیی بکەوێ یان بەشێوەی مەرجدار ئازدا بکرێ.

خالید زەمانی لە زیندان یەزد لەگەڵ قادر محەممەدزادە، زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد لە بەنددایە. قادر محەممەدزادەش ماوەی ١٧ ساڵە بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەند کراوە.

ئەو دۆخەی بەسەر زیندانییانی سیاسیی کورد دێ لە حاڵێک‌دایە کە بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان کەسی سیاسی لە کاتی دەستبەسەرکران و لە زیندان و لەبەردەمی دادگادا کۆمەڵێک مافی هەیە کە ئەو لە زیندانییەکی ئاسایی جیا دەکاتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٤ ساڵە گوێیان لە پێناسەکردنی تاوانی سیاسیی ئاخنیوە. ئەویش لە کاتێکدا کە ئەسلی ١٦٨ی قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، بەڕوونی باس لە چۆنیەتیی پێڕاگەیشتن و دادگایی‌کردنی تاوانباری سیاسی دەکا؛ ئەسڵێک کە هەر لەسەر کاغەز ماوەتەوە.