یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان، لە دەرەوەی وڵات


خۆڕاگری: دووشەممە شەو رێکەوتی ١ ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ ی زایینی بەرانبەر بە ١٠ ی گەلاوێژی ١٤٠١هەتاوی، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کۆمیتەی دەرەوەی وڵات، بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی کاتی، پێک هات.
لەوکۆبوونەوەیە دا، کاک کامیل ئۆستاد ئەحمەدی، بەرپرسی ئەنجومەن، لە دەرەوەی وڵات، بەخێرهاتنی بەشداران، کە لە ٧ وڵاتی ئورووپایی ڕا بەشداری ئەو کۆبوونەوە ئینترنێتییە بوون، کرد. پاشان بەڕێز حەسەنی حاتەمی کۆبوونەوەی کردەوە.
ناوبراو لە وتەیەکی کورت دا، باسی پێگەی زیندانییە سیاسییەکان و گرینگیی ئەو توێژە فیداکارەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ماف ویستی نەتەوەی کورد بە گشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، بەتایبەتی کرد. زیندانی سیاسی کە دوای شەهیدان و نەمران لە تێکۆشان، بەردەوام لە هەموو دانیشتن و کۆروکۆبوونەوەکان باسیان دەکرێ، لە چەند ڕەهەندنی، نێو زیندان و دەرەد و مەینەتییەکانی، بنەماڵە و کێشەکانی، گرینگی پێدان و ناساندنی لە دەرەوەی وڵات، کە بەداخەوە زۆر دەرنگیش دەستی پێکردوە، بەشیکی دیکەی قسەکانی بەڕێز حاتەمی بوون.
پێناسەی زیندانیی سیاسی، لیستی زیندانییەکان لە تاراوگە، هەوڵدان بۆ گرتنی کۆنفڕانسی گشتیی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی لە داهاتوو دا. سازمان دان بە پێی وەزعییەتی جوغرافییایی لە ژێر ڕێنونییەکانی ئایننامە پەسندکراوەکانی گشتیی ئەنجومەن دا، هاوکاریی لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسی و سینفییەکان ، سەبت کردنی ئەنجومەن لە یەک یا چەند وڵات دا، بەشێک لە باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون. هەموو بەشدارانی بەڕێز چالاکانە و بەرپرسانە لە باسەکان دا، بەشدار بوون. کۆبوونەوەیەکە ناوی “یەکگرتوویی و تێکۆشانی” لێنرا.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – لە دەرەوەی وڵات
٢ ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ زایینی، بەرانبەر بە ١١ ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی