دەستبەسەرکرانی شادی دەرگاهی چالاکی مەدەنی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی چالاکی مەدەنی و ژینگەپاڕێزی خەڵکی گوندی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان بە ناوی شادی دەرگاهی ، هاوژینی ئیرەج ڕەحیم زادە پاش بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا.
بە پێی زانیارییەکان شادی دەرگاهی پاش دەستبەسەرکرانی گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و ڕۆژانە لێپێچینەوەی لێ دەکرێ و شەوانە دەگوازڕێتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە.
جێگای ئاماژەیە ئیرەج ڕەحیم زادە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە کە پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی لە ماوەی چەندڕۆژی ڕابردوو دا گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.
شایانی باسە ئیرەج ڕەحیم زادە مانگی ڕەشەممەی١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی پروپاگەندە بە دژی نیزام لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای ٣مانگ و ١ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرابوو.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri