حوکمی “عەداڵەت” لە بەرانبەر “جینایەت”دا

حەسەن حاتەمی

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٣ی پووشپەڕ پێتەختی سوئێد، قازی تۆماس ساندر، سەرۆکی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) لە پرێس کۆنفڕانسێکی دیجیتاڵی‌دا، حوکمی دوو جار زیندانی هەتا دوا تەمەنی ژیانی بەسەر ناوبراودا سەپاند.

ئەم پڕۆسەیە سێ ساڵی خایاند. واتە دوای نزیک ٣ ساڵ گیرانی حەمیدی نووری لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ دا، هەتا ڕۆژی ٢٣ ی پووشپەڕ کە ئاکامی دادگا ڕاگەیەندرا، دادگاییەکی “عادڵانە” و ” ئاشکرا”، لە ژووری ژمارە ٣٧ی نهۆمی دوویەمی دادگا، بە بەشداریی هەیئەت ڕەئیسەی قازییەکان، گرووپی دادستانەکان، چوار پارێزەری سکاڵاچییەکان و دوو پارێزەری تایبەت بۆ حەمیدی نووری بەڕێوە چوو. خۆی دادگاییەکە پتر لە ٩ مانگی کێشا و لە ٩٣ دانیشتندا ٤٦ کەس سکاڵاچی، ٢٦ کەس شایەتحاڵ و ١٢ کەس پسپۆڕ و کارناس بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا لینکی ئەلکترۆنیکی قسەیان لەسەر حەمیدی نووری و زیندانوانەکانی دیکە، بارودۆخی زیندان، شەڕی نێونەتەوەیی و دەروەستەکانی و ڕووداوەکانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکانی ساڵی ١٣٦٧ لە زیندانەکانی ئیڤین و گەوهەردەشت، قسەیان کرد. بەڵام دادگای نووری تەنیا سەبارەت بە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیەکانی گەوهەردەشتی کەرەج لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرماناندا بوو،.

حەمید عەبباسی “بە ناوی خوازراوی نووری” لە پاسدارێکی ئاسایی نیگابان‌ڕا، بە هۆی جینایەت‌گەلی جۆراوجۆر، لە ئەشکەنجە و تەپەسەریی جەستەیی و دەروونییەوە هەتا گیان‌لێ‌ئەستاندنەکان لە زیندانی ئیڤین‌دا،  پلەکەی بۆ جێگری “دادیار” و دواتر “دادیار” لە زیندانی گەوهەردەشت دا. حاشا و نکۆڵیی حەمید نووری لە جینایەتەکانی و پاراستن و نەدرکاندنی ناوی دەیان سەرکوتکار و تەپەسەرکار، لە ژوورە تاریک و گیان‌لێ‌ئەستاندەکاندا، و لە ژووری فیکریی چۆنیەتیی ئەزیەت و ئازاری زیندانییەکاندا، شاردنەوەی تەرمی ئێعدامییەکان، بێحورمەتی بە بنەماڵەکان دوای کوشتنی ڕۆڵەکانیان؛ بەپێچەوانەی ئەو هەموو بەڵگە مەحکەمەپەسند و شاهیدانە بوو، کە دادستانە بوێر و شارەزاکان، قسەیان لەسەر دەکرد. لە دوایین ڕۆژەکانی دادگادا، خانمی کریستینا لیندهۆف کاڕلسۆن، لەلایەن گرووپی دادستانەکانەوە، “سزانامەی”ی حەمید نووریی بە تاوانی بەشداری لە “جنایەتی شەڕ” و “کوشتنی بەئەنقەست”، داوای پەسندکرانی زیندانیی تاهەتایی بۆ حەمیدی نووریی کرد.

هەیئەتی قازییەکان دوای تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی داوای ٤٠٠ لاپەڕەیی دادستانەکان، لە ١٨٠ لاپەڕەدا، کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران، لە بواری مێژوویی، سیاسی و قەزایی و خاڵ و بەڵگەکانی ئیسپاتی بەپێی شاهیدکان، کتێب و وتارە نووسراوەکان، بنەماڵەکانی زیندانیانی گیان‌لێ‌ئەستێندراو، پارێزەران و مامۆستایانی مافناس، پسپۆڕ و شارەزایانی زۆر گرینگ کە لە گەڕان بەدوای عەدالەتدا، دەبێ چ بکرێ؟ هۆی پەسندکرانی حوکمەکەی داواکاریی دادستانەکان، حەمیدی نووریی بە تاوانبار زانی و بڕیار وەک نووسرا: “دوو جار ئەبەد”.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چ لە ئێران و چ لە دەرەوە، بە تایبەتی لە سوئێد، زۆرترین ماوەی گیران و دادگایی‌کرانی حەمید نووری یا بێدەنگ  و خەمسارد، یا خەریکی چەواشەکاری و پیلان بوون. بەڵام بەشی قەزایی سوئێد بەپێی سەڵاحییەت و سەربەخۆیی خۆی، کە یەکێک لە مەرجە هەرە گرینگەکانی دێمۆکراسین، نەچووە ژێر باری هیچ تەبلیغاتێک و لە چوارچێوەی “بنەمای سەڵاحییەتی قەزایی نێونەتەوەیی” (اصل صلاحیت دادگاە بین المللی)دا، دادگایەکی “عادڵانە”ی بەڕێوە برد؛ کە مافی بەرگریی زیاتر لە پێوەرەکانیشی دەدا بە تاوانبار نووری، جیاواز لە پارێزەرەکانی. دوو ڕۆژ پێش راگەیاندنی حوکمی حەمید نووری گیتا هدینگ وایبری، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینترناشناڵ و لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە وڵاتی سوئێد بۆچی بە میلیۆن‌ها کرۆنی خەرج کردوە لەو دادگایەدا، و بەشداری خۆی لەو کەیسە پڕ کێشەیەدا؟ گوتی: ئەو کەیسە زۆر گرینگە و هەموو بەدوایەوە بوون. من وەک پارێزەرێکی سوئیدی شانازی دەکەم کە لەو پەروەندەیەدا بەشدار بووم. بۆ ئەوەی بە دونیا نیشان بدەین کە ئێمە لەسەر هەلومەرجی مرۆڤەکان لە وڵاتەکانی دیکەش هەستیارین و هاودەردییان لەگەڵ دەکەین. بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ لە تاوانی جینایەت ڕا بکات.

هەر ئەو تیڤییە لە زنجیرە دیمانەیەکدا، زۆر لایەنی تاریکی کە بەشێکی بنەماڵەی زیندانییەکان کە ژمارەیەکیان بۆ خۆشیان زیندانیی سیاسی بوون، ماوەیەکی کورت پێش ڕاگەیاندنی حوکمی نووری، ئەنجام دا. لەنێو ئەواندا، دوو خۆشک هەن ویدا و گیتا ڕوستەم‌عەلیپوورم کە برایەک و هاوژینی هەردووکیان ئێعدام کران. ویدا خانم لەو دیمانەیەدا کە وەک سکاڵاچییەک لە دادگا بوو، دەڵێ: پێم گوتن، براکەم و هاوژینەکەم لە زستانی ١٣٦٦وە، چاوپێکەوتنەکانیان لێ قەدەغە کرا. لە سەرماوەزی ١٣٦٧دا، لەجیاتی براکەم “سەعاتێکی دەستی” و لەجیاتی هاوژینەکەم “ئاڵەقەیەکی قامک”یان دامەوە!؟ لە حاڵێکدا، هەردووکیان ماوەی زیندانی‌بوونیان دیاری کرابوو و… . هەروەها، چەند خولەک پێش ڕاگەیاندنی حوکمی “ئەبەد”ی حەمید نووری خانمی مینا لبادی لە دێمانەیەکدا لەگەڵ “ئێران گلووباڵ”دا، گوتی: “هاوژینەکەم دوو ساڵی حوکم پێ‌درابوو، پێنج (٥) مانگی مابوو تەواو بێ، ئێعدامیان کرد و لاپەڕێکیان کاغەز دامێ و لێیان نووسی: عەلیی ئەسغەریی زەیغەمی بە نەخۆشی مردن لە ماڵێکدا، مرد!؟ نەخۆشیی فەوت چ نەخۆشییەک، من نازانم!؟ من مامەوە و سێ منداڵی ٥ ساڵ و نیو، ٢ ساڵ و نیو و یەک ساڵ و نیو، و دەرد و کوێرەوەرییەکانی ژیان و… .” دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکەش، “عصمت وطن‌پرست” کە ١١ کەسی بنەماڵەکەی لە دەیەی ٦٠ ی هەتاویدا، ئیعدام کراون گوتی: ئەگەر من نەمتوانی لە ئێران بۆ منداڵەکانم بگریم ئەمڕۆ لێرە [لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوئید]، دەتوانم پێ‌بکەنم.

ئەو حوکمە بە ناوی حەمید نوورییە، بەڵام ئەو پەروەندەیە پێویستە بەردەوام کراوە بێ. چونکە لانی‌کەم ١٨ کەس لەو بەشەی جینایەتەکەی گەوهەردەشت لە هاوین و پاییزی ١٣٦٧یان ئەنجام دا، تاوانبارن؛ بەتایبەتی “هەیئەتی مەرگ” کە بریتن بوون لە حوسێن‌عەلی نەییری؛ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێستای ڕێژیم؛ عەلی خامنەیی، رێبەریی جینایەتکاری ڕێژیم؛ مستەفا پوورمحەممەدی و مورتەزا ئیشراقی و هاوکارەکانیان.

لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی حوکمی (ئەبەد)ی حەمید نووری‌دا، ڕێژیمی نگریسی ئیسلامی سیاسیی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی، لە چوارچێوەی پیلانە بەردەوامەکانیان بۆ خۆ دەربازکردن لە تاوانە دژی مرۆڤایەتییەکانی، و دەست ئاواڵابوونی لە درێژەپێدانی تێڕۆر و ڕفاندنی ئۆپۆزیسیۆنی چالاک و کاریگەر یا لانی‌کەم لە کردەوە تێڕۆڕیستییەکەی تەقینەوە لە کۆبوونەوەی بەرینی ئاشکرای ساڵانەی موجاهیدینی خەلق لە ڤیلپەنتی فەڕانسەدا، کە ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپڵۆمات تێڕۆڕیستی حوکمدراوی ٢٠ ساڵە  و سێ هاوتێرۆڕیستی لە بلژیک، ژنێک (نەسیمە نعامی ١٥ ساڵ) و دوو پیاو (ئەمیر سەعدوونی ١٨ و مێهرداد عارفی ١٧ ساڵ)، کە دادگای پێداچوونەوەش حوکمەکانی پەسند کردوون، لە ساتوسەودایەک لەگەڵ دەوڵەتی بلژیک و هاوکاریی چەند وڵاتی دیکەی ئورووپایی، بە ناوی “ئەمنییەت و تەناهیی خۆیان”، لەبیری ئازادکرانی ئەو چوار تێڕۆڕیستەی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دان.

ئەگە ئەم هەوڵەیان لە بلژیک سەرکەتوو بێ، کە هیوادارم وانەبێ، لە سوئێدیش هەوڵی جۆری پێویست لە داهاتوودا دەدەن بۆ نەجات‌دانی لە زیندانی‌کرانی درێژماوەی حەمید نووری. هەروەها، سەروبەرکردنی ڕووداوی فڕۆکەی شیرکەتی ماهان لە ئارژانتیین و گیراوەکان بە پیلانەکانی بارمتەگریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و سپای قودس، و سەرجەم ١٩ دەزگای سەرکوتکاری دیکەی ڕیژیم، هەڕەشەکردن و مەترسی خۆڵقاندن بۆ “ئەمنییەتی جیهانی” دەبێ.

لە مێژووی پتر لە ٤٠ ساڵی پڕ لە کارەساتی کۆماری ئیسلامیی ئیڕاندا، ڕوونە کە لە هەر شوێنێک بۆ هەر کردەوەیەک، ڕاوستان لە بەرانبەری و بەرپەرچدانەوەی نەبێ، درێژە بە ئاکارە دزێوەکانی دەدا. بۆ وێنە دوای حوکمی دادگای موابیتی برلین، کە کارەساتی میکۆنۆسی بە ئەنجامی زۆر باش گەیاند؛ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی باڵوێزەکانیان لە تاران کێشایەوە و گوشاری زۆر باشیان خستە سەر دەسەڵاتدرانی ڕێژیم و ناچاریان کردن بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە، لە چوارچێوەی یەکیەتیی ئورووپادا، تێڕۆڕ ئەنجام نەدەن.

جاوید ڕەحمان، کە ڕێپۆرتەری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێرانە، پشتیوانیی لە حوکمی (ئەبەد)ی پەسندکراوی دادگای ناوچەی ٤ی ستۆکهۆڵم دەکا و دەڵێ: هیوادارم ئەو حوکمە یەکەمین هەنگاو بێ بۆ بەستێنی ڕاستیی تەواو، عەداڵەت و قەرەبووی تێچووی قوربانییەکان و بنەماكەکانیان و ڕەوایە کە داخوازی بۆ عەداڵەت بەهێز بێ. خاتوو میشل باشلە، کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤیش لە تویتێکدا، نووسیی: وڵاتان دەبێ بە پشتیوانیی بنەڕەتی سەلاحییەتی قەزایی جیهانی، بۆشایی بەرایی بۆ وڵامدانەوە لە تاوانە جیدییەکان بۆ زەمانەتی حەقیقەت و عەداڵەت پڕ کەنەوە.  زۆربەی کارناسان، لێکۆلەران، مافناسان و دادخوازانیش، حوکمی هەتا ماوەی ژیان (ئەبەد)ی حەمید نووری بە بڕیاری “عەداڵەت” بەرانبەر بە “جینایەت” یا “ڕاستی” لە بەرانبەر “درۆ”دا دادەنێن. بۆیە پێویستە وێڕای پیرۆزبایی لە گەلانی ئیران، بەتایبەتی “بزووتنەوەی دادخوازان”، “دایکانی خاوەران و بنەماڵەکانیان” و پتر لە ١٠٠ شوێنی شاردنەوەی تەرمە گیان‌لێ‌ئەستێندراوەکانی دیکەی نێوخۆی ئێران، کە کوردەکان چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ نێشتەجێ لە تاران و شارگەلی دیکە “پشکی شێریان وەبەرکەوتوە” کە تەرمی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ڕێی ئازادی و مافی ئینسانی و نەتەوەییان تێدا بزر کراوە، لە بنەماڵەی شەهیدان و نەمران، زیندانییە سیاسییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بۆ گرتنی ئەو جەنایەتکارە هەوڵیان دا، سپاس بکەین.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چاوەڕوانی لە بەشی قەزایی سوئێد ئەوەیە، بۆ درێژەدانی “عەداڵەت” لەبەرانبەر “جینایەت”دا، وەک: کارەساتی مێکۆنۆس، حوکمی تاوانی هاوکاران و بەرپرسانی سەرووتری حەمید نووری بەرپرسانی دەزگای قەزایی و ئایەتووڵلا خومەینی، ڕێبەری نیزامی خوڵقێنەری کارەساتە جێی باسەکە، یانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانە سیاسییەکان لە ١٣٦٧دا، و سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی عەلی خامنەیی (جێگری دوای ئا. خومەینی) لەگەڵ ١٧ کەسەکەی دیکە، کاری لەسەر بکرێ و بە ئەنجام بگەیەنرێ. پێویستە دەوڵەتی سوئید سوور بێ لەسەر کورت‌کردنەوەی دەستەکانی تێڕۆڕ و پڕ لە خوێن و جەنایەتی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران، لە دەرەوەدا، نەک بە دواداچوونی سات و سەودا.