جەماڵ ئەختەرشەمس بەندکراوی سیاسی کورد پاش ١٠ ساڵ بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ماکۆ ئازاد کرا

خۆڕاگری: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بەندکراوی سیاسی کورد جەماڵ ئەختەر شەمس خەڵکی ماکۆ پاش تێپەراندنی سزای ١٠ساڵ لە ١٥ساڵ بەندکرانەکەی بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ماکۆ ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە٣ی ڕەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مزەفەر سکانوەند و ڕەزا نەسروڵڵازادە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ماکۆ.
ئەو سێ هاووڵاتییە پاش یەک مانگ ڕاگیران و لێپێچینەوە لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی ماکۆ.
لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە دۆسییەکی هاوبەش دا ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی محاربە لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندرا.
بە پێی ئەو سزایەی کە بەسەریان دا سەپێندرا مزفەر سکانوەند لەنکەران سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی بورازجان لە پارێزگای بووشەهر، جەماڵ ئەختەر شەمس سزای ١٥ ساڵ بەندکران و ڕەزا نەسروڵڵازادە سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەریان دا سەپێندرا.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri