جێبەجێ کرانی سزای دوورخستنەوەی محەممەد مورادی بۆ شاری قەیدار سەر بە پاڕێزگای زەنجان

خۆڕاگری: بەندکراوی سیاسی محەممەد مورادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێن سەر بە شاری پیرانشار کە سزای ٧ساڵ و ٦مانگ دوورخستنەوە بۆ شاری قەیدار سەر بە پاڕێزگای زەنجان بەسەری دا سەپێندرابوو،لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بۆ جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ئەو شارە تەبعید کرا.
جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٦مانگ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و پاش جیا بوونەوە لەو حیزبە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری پیرانشار دەستبە سەر و گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ و پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە.
دواتر ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ هەتاوی لە لایەن دادگای شۆڕش شاری مەھاباد بە تۆمەتی محاربە لە ڕێگای هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای٤٠ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆیی بە سەردا سەپێندرا بوو کە دواتر ئەو حوکمە لە لایەن لقی ٣٤ دیوانی بەرزی وڵات هەڵوەشایەوە و بۆ پێداچوونەوە درابوو بە لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد کە سزاکەی بە ١٥ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری قەیدار کەم کرایەوە.
شایانی باسە ئەو سزایە دوای تانە لێدانی ناوبراو بۆ جاری دووهەم بۆ ٧ساڵ و ٦مانگ دوورخستنەوە کەم کرایەوە.

سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri