زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی مرەخەسی کاتی پێدرا

خۆڕاگری:زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین پاش ٦مانگ بەندکران ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی دوای داواکاری ناوبراو بە مافی مرەخەسی و پەسەند کردنی ناوەندە ئەمنییەکان مرەخەسی کاتی پێدرا.
بە پێی زانیارییەکان باوکی زارا محەممەدی باری تەندرووستی ناجێگیرە و بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکان بە هۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ باوکی و پەسەندکردنی داواکاری ناوبراو بۆ مافی مرەخەسی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مرەخەسی پێدرا.
جێگای ئاماژەیە زارا محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە یە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.
ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە و بە گشتیی پارێزگای سنە دا وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.
زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیی لە شاری سنە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دواتر لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
پاش ماوەیەک و دوایی نارەزایەتی دەربڕین سزای ١٠ساڵ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە لە لایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوە، ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بۆ سزای ٥ساڵ بەندکران کەم کرابوویەوە.
شایانی باسە زارا محەممەدی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندی ژنان لە بەندیخانەی سنە کرا.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri