قەڵتوبڕی ۶۷ کۆڵبەر، گرتنی ۱۷۷ کەس و سەپاندنی ۲۰۷ ساڵ زیندان بەسەر ۵۲ بەندیی سیاسیی کورد لە سێ مانگی زستاندا

(ڕاپۆرتی بەشێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێ مانگی زستانی ۱۳۹۷ی هەتاویدا)

لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵیشدا لانیکەم ۳۵۵ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە.
لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانن، لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵیشدا هەر نەبێ ۶۷ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ۶۷ کەسە ۱۸ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراون و گیانیان لە دەست داوە؛ ۴۹ کەسیشیان بریندار بوون.
کوژران و برینداربوونی ۶۷ کۆڵبەر و کاسبکار لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا لە حاڵێک دایە کە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پاییزی ئەمساڵدا ۱۷۵ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ببوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانە و کوردکوژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرجەم لە ماوەی ئەمساڵدا ۲۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.
لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ۱۷۷ چالاک و هەڵسووری سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و لایەنگری لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەسبەسەر و زیندانی کراون. لەو دەیان کەسە بەشێکیان دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تا دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و ۵۲ کەسیان دوای دادگایی کردن سزای لە ۶ مانگ زیندان، ۶ ساڵ تا سزای درێژخایەنی ۳۰ ساڵ بەندکرانیاندا بەسەردا سەپاوە و دوو بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی چالاکی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی دراوەتێ و؛ ئەو ۵۲ بەندکراوەی لە دادگاییکردنێکی ناعادڵانەدا سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە، ۲۰۷ ساڵ و ۶ مانگ (سەرجەم ۲۴۹۰ مانگ) بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.
گرتن و حوکمدرانی ۱۷۷ چالاک و هەڵسووری سیاسیی کورد لە وەرزی زستان لە حاڵێکدایە کە لە ۹ مانگی بەهار و هاوین و پاییزیشدا ۴۶۴ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون و بەو پێیە ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا ۶۴۱ کەسیان دەسبەسەر و زیندانی کردوە.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی هەر لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا سزای ئێعدامی لەسەر ۷ بەندکراوی کورد جێبەجێ کردوە کە بەشی هەرە زۆریان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە کوشتنی بە ئانقەست ئێعدام کراون. جێی باسە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە وەرزی بەهاردا ۸ زیندانیی کورد، لە وەرزی هاویندا ۲۵ بەندی و لە پاییزیشدا ۹ بەندکراوی کوردی لە دار دابوو، بەو پێیە ئاماری ئیعدامەکان لە کوردستان لەمساڵدا لانیکەم ۴۹ کەس بووە.
هەر لە ماوەی سێ مانگی زستانی لانیکەم ۱۹ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ۱۲ لەوانی ئاشکرا کردووە. لەو ۱۲ کەسە سێ کەسیان لە شارەکانی دێهلوڕان و قەسری شیرین کوژراون و ۹ کەسی دیکەش هەر بەو هۆیەوە لە ناوچە سنوورییەکانی بریندار و نقوستان بوون. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پاییزیشدا ۶۵ که‌سی دیکە له‌ کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین کوژراون و بریندار بوون، ژمارەی قوربانیانی مین لەمساڵدا لانیکەم ۸۴ کەس بووە؛ به‌ڵام بە دڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی‌ هه‌واڵده‌رییه‌ ڕه‌سمییه‌کان خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانیان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده‌ زیاتره‌ که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه‌.
خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا ئەوەندەی زاندراوە و بە میدیایی کراوە زیاتر لە ۸۵ کەس لە کوردستان هەوڵی خۆکوژییان داوە کە بە بەداخەوە هەوڵی ۵۲ کەس لەوان سەرکەوتوو بووە کە ۲۸ کەسیان ژن و ۲۴ کەسیان پیاو بوون. داتاکانی ناوەندی مافی مرۆڤ پیشان دەدەن کە له‌ ۹ مانگی پاییز، زستان و بەهاریشدا ۱۱۸ که‌س له‌ کوردستان خۆیان کوشتووە و بەو پێیە ۱۷۰ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری و کێشه‌ی خێزانی هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەولەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه.
لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا هەر نەبێ ۱۲ کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە. لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ۱۰ کرێکاری کورد، لە وەرزی هاویندا ۱۱ کرێکار و لە پاییزیشدا ۸ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست دابوو. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا بەهۆی ڕووداوی کار لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە، ۴۱ کەس بووە. ئەوە جیا لەوەی سەدان کەسیش بە شێوەی جۆراوجۆر لە کاتی کاردا بریندار یان نقوستان بوون. بەردەوامیی گیانلەدەستدان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کار لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی رووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لە ژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌ک دانین.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.
لە خشتەکانی خوارەوەدا وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم ڕاپۆرتە باس کراوە: