سێ کەس لە بۆکان و سنە دەسبەسەر کران

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرێژەی ڕەشبگیرەکانی خۆیاندا دوو کەسیان لە بۆکان و کەسێکی خەڵکی تەنگیسەری سنەیان دەسبەر کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دوو کەسی خەڵکی میرئاوای ئەم شارەیان بەناوەکانی مستەفا جەوادی و تۆفیق ڕەحمانی دەسبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
ئەوەندەی زاندراوە ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆمارتی ئیسلامی گیراون و لەو کاتەوە تا ئێستا بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە چاویان پێیان بکەوێ و لە بارودۆخیان ئاگادار بن.
هەر لەو پێوەندییەدا و ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەشەمەش لە سنە چالاکێکی مەدەنی دەسبەسەر کرا. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە وەلی نەسیری، خەڵکی تەنگیسەر لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە. ناوبراویش هەر بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆمارتی ئیسلامی گیراوە.