کوژران و بریندار بوونی ۲۴۲ کۆڵبەر، گرتنی ۶۴۱ چالاکی سیاسی، ئێعدامی ۴۹ بەندی و تەقینەوەی مین لەبن پێی ۸۴ کەس لە کوردستان لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویدا

لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویشدا لانیکەم ۱۲۳۴ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. با بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەم ساڵەدا بخشێنین:

کۆڵبەرکوژی
لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ۲۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ۲۴۲ قوربانییەی ئەمساڵ ۸۰ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ۱۶۲ کەسیش بریندار بوون.

ڕەشبگیر و گرتنەکان
لە ماوەی ساڵی ۱۳۹۷دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو ۶۴۱ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ۱۶۵ کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی ۳۰ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ۵۸۱۰ مانگ (۱۷۴۳۰۰ ڕۆژ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ۵ بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و ۳ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئێعدامەکان
ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ۱۳۹۷دا لانیکەم ۴۹ کەس بووە کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه‌. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی ۱۳۹۷ لە کوردستان ئێعدام کراون، بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی لەدار دراون و شەش زیندانیی سیاسیی کوردیش بەهۆی ئەندامەتیی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ۸ بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی (ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکاندا) ئێعدام کراون.

قوربانییانی تەقینەوەی مین
ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ۱۳۹۷دا لانیکەم ۸۴ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ۴۸ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. وردەکارییەکان دەڵێن لەو ۴۸ کەسە ۳۷ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ۱۱ کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە؛ به‌ڵام بەدڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی‌ هه‌واڵده‌رییه‌ ڕه‌سمییه‌کان خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانییان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده‌ زیاتره‌ که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردووه‌.
ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن زیاتر لە ۱۶ میلیۆن مینی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ خاکی ئێراندا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ۶۷ ی هه‌تاوییه‌وه‌ که‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق کۆتایی هاتووه‌ تا هاوینی ساڵی ۹۳ _کە دوایین ئامارە ڕەسمییەکان لەو پێوەندییەدا بڵاوبوونەتەوە_ هه‌رنه‌بێ ۳۶۸ که‌س له‌ کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ۱۶۰۰ که‌سیش بریندار بوون.

خۆکوژی
خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم ۱۷۰ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەو ۱۷۰ کەسە ۶۲ کەسیان پیاو و ۱۰۸ کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی ۱۲ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن ۶۳ ساڵ بووه‌.
هەروەها ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن.

قوربانییانی ڕووداوی کار
ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ۲۰۰ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ۴۸ کەس لەوانی تۆمار کردووە. لەو ۴۸ کەسە ۴۱ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ۷ کەسیش بریندار و نقوستان بوون. گیان لەدەست دان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین.
هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی ۱۳۹۷ دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندە لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.

* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهاری ۱۳۹۷ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:
http://chawnews.com/?p=1751
* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوینی ۱۳۹۷ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌ سێ مانگی هاوینی ۱۳۹۷ی هەتاویدا


* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییزی ۱۳۹۷ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌ سێ مانگی پاییزی ۱۳۹۷ی هەتاویدا


* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستانی ۱۳۹۷ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:

قەڵتوبڕی ۶۷ کۆڵبەر، گرتنی ۱۷۷ کەس و سەپاندنی ۲۰۷ ساڵ زیندان بەسەر ۵۲ بەندیی سیاسیی کورد لە سێ مانگی زستاندا