پەیامی پشتگیریی بنەماڵەکانی ٥٩ لاوی شەهیدی مەهابادی لە ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی کورد

٣٩ ساڵ لەوەپێش، لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا کۆماری ئیسلامیی ئێران جینایەتێکی کەم‌وێنەی خوڵقاند. لەو جینایەتەدا ٥٩ تێکۆشەری سیاسیی کورد کە پێشتر بە تاوانی چالاکیی سیاسی، جیابیری و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی گیرابوون، بەبێ دادگایی‌کردن لە زیندانێکی شاری تەورێز گوللەباران کران و تەنانەت تەرمەکانیشیان نەدرایەوە بە بنەماڵەکانیان.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی رابردوودا زۆر جینایەتی دیکەی لە چەشنی کۆمەڵکوژیی ١٢ی جۆزەردان خوڵقاندوە، لە قەڵاچۆی گوندەکان، لە ئێعدامی زیندانییە سیاسییەکان، لە تێرۆری تێکۆشەرانی حیزبە سیاسییەکان، لە گرتن و ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای زیندان بە سەر هەر جیابیر و کەسێکی ئازادیخوازدا کە دەنگی “نا”ی لەدژی ئەو ڕێژیمە بەرز کردبێتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە ڕۆژ نییە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەڵنەکوتنە سەر چالاکانی سیاسی و نەیانخەنە زیندانەوە، بەڵام بۆ هەمووان ئاشکرایە کە سەرەڕای هەموو ئەوانە بزووتنەوەی کورد بەچۆک دانەهاتوە و بە لە سەنگەری خەبات بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی ئەو گەلەدا ماوەتەوە.
ئێمە وەک بنەماڵەی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان، بنەماڵەی ٥٩ لاوی مەهابادی پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، بە “ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین.
هیوادارین ١٢ی جۆزەردان وەک ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان، ببێتە بۆنەیەک بۆ ئەوەی هەموو حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کوردستان و هەروەها هەموو تاکێکی کۆمەڵ پشتگیریی پتری زیندانییە سیاسییەکان بکەن و ئەرکەکانی سەرشانی خۆیان بەرامبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان بەجێ بێنن و خەبات و تێکۆشانی خۆیان لەدژی ڕێژیمی ئێران چڕتر بکەنەوە.
لەگەڵ ڕێزدا
بنەماڵەی زیندانییە ئێعدامکراوەکانی ١٢ی جۆزەردان
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri