[پەیامی پشتیوانیی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد]

شکۆی جووڵانەوەی سیاسیی کورد قەرزداری خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسییە

نەتەوەی کورد لە ئێران بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو لەپێناو دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیدا خەباتێکی سەخت و خوێناویی کردوە. لە ڕەوتی ئەو خەباتە دوورودرێژە، بەتایبەت لە دوو سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا زۆر ڕێبەری لێوەشاوە و گەلێک کوڕوکچی نیشتمانپەروەر لە سەنگەری خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی گیانیان بەخشیوە. هەروەها بێ‌ئەژمار ڕۆڵەی ئەم خاک و ئاوە خراونەتە سیاچاڵەکان، کە بە خۆڕاگریی خۆیان زیندانەکانییان کردۆتە سەنگەری مافویستی و بەچۆکداهێنانی ئیرادەی هێزی داگیرکەر.

پاش بووژانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە کاتێکدا ئەم حیزبە بە نفووز و دەستڕۆیشتوویی جەماوەریی خۆیەوە ڕێبەریی جووڵانەوەی مافخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد، هەموو هەوڵی ئەوە بوو بە ڕێگەی دیالۆگ و دوور لە گرژی و توندوتیژی پرسی کورد لە ئێران چارەسەر ببێ. بەڵام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد نەبوو، دەنگی حەقخوازانەی گەلی کوردیشی نەبیست و وەڵامی دیالۆگ و وتووێژی کوردی بە شەڕ و لەشکەرکێشی و فتوای جیهاد بۆ سەر کوردستان دایەوە، شەڕێک کە لە شکڵ و فۆڕمی جۆراوجۆردا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢٨٠ زیندانیی سیاسیی کوردی بەهۆی خەباتی نەتەوایەتییان و لەژێر ناوی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی ئەو ڕێژیمەدا ئێعدام کردوە کە ١٠٣٧ کەس لەوان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون. دەزگای سەرکوتو و تێرۆری ئەم ڕێژیمە هەروەها لانیکەم ٤٦٠ ئەندامی حیزبە کوردییەکانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکانی تیرۆر کردوە کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەو ژمارەیە، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونە. کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە ڕوانگەی ئەمنییەتی و ئایدیای کۆلۆنیالیستی لە کوردستانی ڕوانیوە و ئەو بەشە لە جوغرافیای ئێرانی سیستماتیک لە گەشە و پەرەسەندنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەڵاواردوە و بزووتنەوەی کوردیش لەم بەشەی نیشتمان وێڕای بەڕێوەبردنی خەباتی بەرگری پێشمەرگانە وەک مافێکی ڕەوا، لە قۆناغی نوێدا کار و تێکۆشانی خۆی لەسەر خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنی جەماوەرییەکان لە قالبی کۆمەڵگای مەدەنی داڕشتووتەوە کە ڕێژیم لە کوردستان زۆر دژی ئەم مۆدێلەی خەباتە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆماری ئیسلامی هەموو کاتێک بە بیری میلیتاری سەیری داخوازەکانی کوردی کردوە و هێز و هێژمونیی خۆی لە شەڕ و توندوتیژیدا دەبینێ. هەربۆیەشە چالاکانی کورد لە سۆنگەی کاری مەدەنی و ڕێکخراوەییەوە دەگیرێن، کەچی پەروەندەی ئەمنیەتییان لەدژ ساز دەکرێ و لەو بارەیەوە بەرەوڕووی تیچووی قورسی زیندان و تەنانەت ئێعدامیش دەبنەوە بەجۆرێک لە ماوەی دوو ساڵی ١٣٩٩ و ١٤٠٠ی هەتاویدا لانیکەم ١٢٢١ هاونیشتمانیی کورد لەلایەن ناوەندە تەناهییەکان گیراون کە لەم نێوەدا لێنزیک ٤٠٠ کەسیان دادگایی کراون و حوکمی لە سێ مانگ هەتا ٢٥ ساڵ و تەنانەت سێدارەشیان بەسەردا سەپاوە کە ئەم چوارسەد هاونیشتمانییە بە کۆی گشتی ١٣١٣ ساڵ زیندان حوکم دراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم ئێعدامەکانی لە کوردستان بە ئێعدامی ١٢ کەس لە شاری پاوە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا دەست پێ کرد کە زوو شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە ئەمە جیا لە کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمە بوو لە شارو و ئاواییەکانی کوردستان. ڕێژیم یەکەم تێرۆرەکانی لە کوردستان بە تێرۆری شەهید سەرگورد حەبیبوڵڵا عەباسی، بەرپرسی شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٥٩ دەست پێ کرد کە دواتر بوو بە سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی بۆ لێدان لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد. ئەم ڕێژیمە لە درێژەی جینایەتەکانی خۆیدا کارەساتی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادیی لە جۆزەردانی ١٣٦٢دا خوڵقاند کە ئەمڕۆ ئێمە ناو و یادی ئەو شەهیدە گۆڕبزرانە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین. بەمجۆرە نە ئێعدام، نە تێرۆر، نە کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆ، نە بەندیخانە و ئەشکەنجە و نە پتر لە چوار دەیە سەرکوتی خوێناوی نەیتوانیوە دەفریای ڕێژیم بۆ دەستەبەری خەون و ئامانجەکانی لە کوردستان بکەون. شێلگیری لە خەبات، پێداگری لە مافخوازی و خۆڕاگریی کەم‌وێنەی ئەم گەلە شکۆیەکی مەزنی بە جووڵانەوەی سیاسیی کورد بەخشیوە کە بەشێکی ئەو سەروەرییە بۆ خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا دەگەڕێتەوە.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی ٥٩ لاوی کورد لە شاری مەهاباد کە لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەوە، سڵاو دەنێرێ بۆ سەرجەم زیندانییانی سیاسیی کورد کە بە خۆڕاگرییان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا سەری جووڵانەوەی کوردیان بەرز ڕاگرتوە. هاوکات پشتیوانیی خۆی لە پێشنیاری ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد ڕادەگەیەنێت.

سڵاو لە زیندانییانی سیاسی، سڵاو لە تێکۆشەرانی ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و مافی مرۆڤ.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی