پەیامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی دیاری کردنی ڕۆژی١٢ی جۆزەردان وەکوو ڕۆژی بەندکراوی سیاسی


وێرای ڕێز و سڵاو

ئێمە وەکوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،ڕادەگەیەنین کە تیرباران کردنی٥٩بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە زۆربەیان گەنج بوون،کارەساتێکی دژە مرۆیی بوو و جەخت دەکەینەوە کە ئەم ئێعدامانە بە بێ هیچ جۆرە دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە بە جۆرێک کە پەسەندی کۆمەڵگای جیهانی بێت ئەنجام دراوە.ئێمە لەسەر ئەو باوەرەین کە بەکەرانی ئەم کۆمەڵکووژییە دەبێت لە دادگایەکی سەر بە خۆی نێو دەوڵەتی دا دادگایی بکرێن و پێویستە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان هەوڵی خۆیان زیاتر بخەنە گڕ هەتا ئەم تاوانە دژە مرۆییە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا زیاتر باسی لێوە بکڕێت و وەکوو بەڵگەیەکی تاوان دژ بە بەندکراوانی سیاسی کورد لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی ئێرانەوە بە دونیای دەرەوە بناسێندرێت.

بەندکراوانی سیاسی کورد لە ئێراندا بەردەوام زیاترین ژمارەیان هەبووە و لە کەمترین مافەکانی خۆیان بێبەش کراون بە جۆڕێک دەبینین کە تەنیا لە کوردستاندا بەندکراوانی سیاسی بۆ دوو یان سێ دەیە بێ یەک ڕۆژ مافی مرەخەسی لە بەندیخانە دا ڕاگیراون.

هەر وەها لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو بەندکراوە سیاسییانەی کە لە ناو بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە،بەندکراوی سیاسی کورد بوون و زیاترین بەندکراوی سیاسی کوردیش لە سێدارە دراون،ئەمە دەری دەخات کە ئێمە وەک خۆمان دەبێت گرنکییەکی زیاتر بە پرسی بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بدەین.

هەر لەو پێوەندییە دا لە ڕاستای بەڕز ڕاگرتنی یاد و ناوی هەموو بەندکراوانی سیاسی کورد لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو دا لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی ئێرانەوە سەرەتایی ترین مافەکانیان پێشێل کراوە.بە تایبەت ٥٩لاوی مەهابادی کە تیرباران کران،ئێمە وەکوو ڕێکخراوی هەنگاو پێشنیار کردنی١٢ی جۆزەردان وەکوو ڕۆژی بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە هەولێکی پیرۆز دادەنێن و دیاری کردنی ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی بەندکراوی سیاسی کورد بەرز دەنرخێنین.

هەر بۆیەش داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە ئەم ڕۆژە بکەنە دەستپێکێک بۆ ئەوەی بە کۆ دەنگی و بێ جیاوازی فیکری و ئایدۆلۆژی کار بکەین بۆ زەقکردنەوەی پرسی بەندکراوانی سیاسی و گرنگیدانی زیاتر بە خۆیان و بنەماڵەکانیان.

بەسپاسەوە

دەستەی بەڕێوبەڕیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو