پەیامی پشتیوانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی١٢ی جۆزەردان ڕۆژی (زیندانی سیاسی کورد)

بەڕێز ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای بەڕز ڕاگرتنی یاد و ناوی هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئێران لە سێدارە  و شەهید کراون و لە بەندیخانەکانی داگیرکەرانی کوردستانن،یاد و ناوی ئەو ٥٩ زیندانییە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو ڕزگاری خاکی کوردستان و گەلەکەیان لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی ئێرانییەوە لە ١٢ی جۆزەردانی١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری تەورێز گولڵە باران کران،بەڕز ڕادەگرین و ئەو هەنگاوەی ئێوە وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و جڤاکی و مافی مرۆیی دەنرخێنین و پێشوازی لێدەکەین.

ئێمە وەکوو ناوەندێکی مافی مرۆڤی کە ساڵانێکە لە گۆرەپانی مافی مرۆڤ و دژ بە هەر چەشنە پێشێلکارییەکی داگیرکەران لە کوردستان چالاکی دەکەین و بڕوای تەواویشمان بە خەباتی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەرگری لە مافی ژنان و زیندانیانی سیاسیی وڵاتەکەمان هەیە و بە دەر لە هەر ڕوانگەیەکی حیزبی کە ئێمە پەڕێزی لێدەکەین،بە گەرمووگوڕی بە هانای ئەو ئەرکە پیرۆزانەوە دەچین کە دەبنە هۆی یەکگرتووی گەلەکەمان و ڕۆڵە گیانبازەکانی وڵاتەکەمان کە لە بەندیخانەکانی داگیرکەرانی کوردستان گیانی ئازیزیان دەکەنە بەردەبازی گەلەکەیان.

وەک دەزانین زیندانیانی سیاسیی ناو زیندانەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ٤٣ساڵی ڕەبەقە،بەرە لەگەل بەرە خۆڕاگری هەڵبژاردووە و لەم پێناوە دا گرانترین خەساری داوە و ئێمەش ئەم نرخە پیرۆزە بە نرخی گەل دەزانین و دەخوازین یاد و ناوی ئەو ئازیزانە بە هەمان شێوە وەکوو نرخی گەل و هەموو کۆمەڵگا مەزەندە بکرێت و بۆ یەکگرتوویی و یەکریزی ماڵی کورد،دابماڵرێ لە لەت کردن و بە حیزبی کردنی ئەو بۆنە پیرۆزانە و هانی هەموو کۆمەڵگای کوردستان بدرێ خاوەنداری لە نرخە مەزنەکانیان بکەن و ئاوڕی خێراتریش لەو زیندانیانە بدرێتەوە کە ساڵانێکە لە سیاچاڵانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیرادەی گەلەکەیان تەسلیمی دەسەڵات نەکردووە و وانەی خۆڕاگریمان پێ دەلێنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان