کەژان سەمەدی و کچەکەی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کران

‌خۆڕاگری:کەژان سەمەدی تەمەن ٤٠ساڵ و کچەکەی شیلان ئومید پەنا خەڵکی شاری مەریوان لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی نەوزاد کەریمی خەڵکی مەریوان، وریا موئەیەد خەڵکی سنە و عەلی سەحرایی خەڵکی کرماشان لە سنووری بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگاکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.
ئەو پێنج هاووڵاتییە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوونە و پاش جیابوونەوە لەو حیزبە بە مەبەستی کۆچ کردن بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی لە ڕێگای قاچاغ،کە لە سنووری بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کران.
جێگای ئاماژەیە پێشتر قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران ڕایگەیاندبوو، تیمێکی چەکداری لە سنووری بانە دەسبەسەر کردووە کە هەوڵی ئەوەیان دەدا لەناو خاکی ئێران عەمەلیاتی تێکدەرانە بەڕێوەبەرن.
شایانی باسە لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە هیچ شەڕ و تێکهەڵچوونێک ڕووی نەداوە و هیچ تەقەمەنێک و چەکیان پێ نەبووە.
سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.com
تویتیر:@xoragri