فوئاد عینایەتی یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی نەوڕۆزی شاری سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری:ڕۆژی پێنجشەممە٨ی بانەمەڕی١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی کورد فوئاد عینایەتی تەمەن٣٥ساڵ خەڵکی سنە کە یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری سنە بوو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد کرا.
بە پێی زانیارییەکان ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە١ی خاکەلێوەی١٤٠١ی هەتاوی لەگەڵ ٤هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “سۆهراب جەلالی”،”جەماڵ ئەسەدی”،”بەتووڵ ئەعزەمی”و”ئاریانا سەلیمی”لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی دەستبەسەر کراوبوو.
جێگای ئاماژەیە فوئاد عینایەتی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی٩٨ بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپێشاندانی پشتیوانی کردن لە ڕۆژئاوا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر و پاش تەواو بوونی ماوەی لێکۆڵینەوەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد کرابوو و لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی١٣٩٨ لەلایەن لقی١٠٤ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ١٠مانگ بەند کران و لێدانی٧٤ زەربە قامچە مەحکووم کرابوو.
شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە.

سایت: https://xoragri.com
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.co
تویتیر:@xoragri