زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (ئەرسەلان خۆدکام)

ئا: دیاکۆ دانا

ئەرسلان خودکام (سۆهرابی) تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، یەک لە زیندانییانی سیاسیی کوردە کە بە تۆمەتی هاوکاری‌کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە.

ئەرسەلان خودکام کە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێـموکرات بووە، ساڵی ١٣٧٠ خۆی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردۆتەوە و دواتر بۆتە ئەندامی سپای پاسداران و ساڵی ١٣٩٧ کاتێک بۆ مەئمووریتێک دەنێردرێتە شاری شنۆ؛ لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری‌کردن لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستبەسەر کرا.

ئەرسەلان خودکام هەمان ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی و دوای ٥ ساعەت ئەشکەنجەی توند دەبردرێتە یەکێک لە گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ و بە توندترین شێوە دەدرێتەوە بەر ئازا و ئەشکنجەی ڕوحی و جەستەیی. بەجۆرێک کە لە ماوەی ٣٦ ڕۆژ ئەشکەنجەدا ٤٠ کیلۆ لە کێشی دادەبەزێ. لە هاوینی هەمان ساڵدا لەلایەن لقی ٣٢ ی دادسەرای نیزامیی ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکرات کوردستان دادگایی دەکرێ و حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێ. پاشان لە بەهاری ساڵی ١٤٠٠ هەتاویدا بەپێی ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی عەفو و لێبوردنی حکوومەتی، حوکمەکەی یەک پلە داشکا و بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە. ئەو ئێستا لە زیندانی ورمێدا بەند کراوە.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر ئەرسەلان خودکام، هەر لەو ساڵەدا کە ناوبراو دەستبەسەر کرا (١٣٩٧)، هاوسەرەکەشی (نەشمیل قۆیتاسی) دەستبەسەر دەکەن و لە مانگی سەرەماوەزی ئەو ساڵەدا و لە دادگایی‌کردنێکی ناعادڵانەدا بەتۆمەتی “تێکدانی ئەمنییەتی میللی” مەحاکەمەی دەکەن و بە بڕیاری دادسەرای نیزامیی ورمێ سزای ساڵێک زیندانی بە سەردا دەسەپێنن.

ئەرسلان خودکام لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە زیندانی ورمێ باس لەوە دەکا، کە کاتێک لەژێر ئەشکنجەدا بووە، ئامادە نەبووە دان بەو تۆمەتانە دابنێ کە دراوەتە پاڵی. پاش دە ڕۆژ ئەشکەنجە بە بیستنی دەنگی گریانی هاوسەرەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا، بۆ ڕزگارکردنی گیانی هاوسەرەکەی بەناچار ئامادە بووە هەموو ئەو تۆمەتانە پشتڕاست بکاتەوە و لەم سۆنگەیەشەوە دەمودەست بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکرات سزای ئێعدامی بەسەر دا بەسەپێنن. بەپێی ئەو پەروەندەیەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ ئەرسەلان خودکامی دروست کردوە، ٥٤ حاڵەت سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەر ناوبراودا هاتوە. بەڵام ئەو لە چاوپێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێی لەسەر ئەوە داگرتوە کە تەنیا لە چوار لاپەڕەدا دانانی بە کۆمەڵێک چالاکی داناوە و ئەو ٥٤ حاڵەتە شتێکە کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دروست کراوە. ئەرسەلان گوتویەتی کە لە کاتی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بەردەوام پێیان گوتووە کە تاوانی تۆ دژایەتی‌کردن لەگەڵ خودایە (محاربە) و بەم هۆیەشەوە لە سێدارە دەدرێی.

بنەماڵەی ئەرسەلان لە چوار ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کە لە ڕێگای گرتنی پارێزەری تایبەتەوە لە کاتی دادگایی‌کردنی لەسەر حوکمێکی ناڕەوا کە بەسەریدا سەپاوە هەوڵێکی بۆ بدەن، بەڵام دادگای نیزامی ئیزنی بە بنەماڵەی نابراو نەداوە و تا ئێستا جیا لە بریگرتەی داسەپاو هیچ پارێزەرێکی دیکەی نەبووە. هەروەها بەپێی قسەکانی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کاتی دادگایی‌کردنیدا پاریزەرە تەسخیرییەکەی هیچ داکۆکییەکی لەو نەکردوە. بنەماڵەی ئەرسلان پاش هەوڵ تێکۆشانی زۆر توانیویانە لە رێگەی یەکێک لە خزمەکانی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای دادی ڕێژیم داوای خۆیان لەمەڕ پێداچوونەوەی بە حوکمی کوڕەکەیان بە گوێی ناوبراو بگەیەنن، بەڵام ڕەییسی لە وەڵامدا گوتویەتی کە تاوانی ئەو سیاسی و ئەمنیەتییە و داواکەیانی بێ وڵام هێشتۆتەوە.

ئەرسەلان خودکام سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ هەتاوی جارێکی دیکە بۆخۆی لە نامەیەکدا بۆ ئیبڕاهیم ڕەییسی، سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای قەزایی سکاڵا بەرز دەکاتەوە. ئەو لەو نامەیەدا ئاماژە بەوە دەکا کە حوکمەکەی کە سزای داسەپاوی ئێعدامە و لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە، نەک لەلایەن دادگا و بە لەبەرچاوگرتنی پەروەندەکەی، بەڵکوو لەسەر پێداگریی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا بووە. هەروەها لە بەشێکی دیکە لەو نامەیەدا لەسەر ئەوە پێ دادەگرێتەوە کە ئەو تۆمەتانەی دراونە پاڵ ئەو بێ‌بنەمان و حیفازەتی ئیتلاعات بۆ هیندێک مەبەست بۆی هەڵبەستوە.

دوای پشتڕاست‌کردنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکام و پێداگریی سپای پاسداران لەسەر جێبەجی‌کردنی ئەم حوکمە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کرد کە ئەم بڕیارە ڕابگیرێ و سزای لەسێدارەدانی ناوبراو هەڵوەشێتەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو کە دادگایی‌کردنی ئەرسەلان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بەڕێوە چووە و لە ماوەی ۳۰ خولەکدا بێ ئەوەی دەرەتای بەرگری کردن لە خۆی بدرێتێ، بە تۆمەتی سیخوڕی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێنراوە.

لە تازەترین هەواڵدا ئەرسەلان خۆدکام ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی مانگی پێشوو بەهۆی ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە هەمبەر بێ‌ڕێزی کردن بە بنەماڵەی زندانیانی سیاسی و هێشتنەوەیان لە چاوەروانی بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕوڵەکانیان، بەڕێی زیندانی ئینفڕادی کرا.

سایت: https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.compolitical.prisoners
ئیمەیل:https://xoragri@gmail.co
تویتیر:@xoragri