پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی بەندکرانی مامۆستای زمانی کوردی، خاتوو زارا محەممەدی

“قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە!”

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

هاووڵاتیانی نیشتمان پەروەر و ئازادیخواز!

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

زیندانییە سیاسییە خۆڕاگرەکان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!

ڕۆژی ٨ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی مامۆستا زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دامەزرێنەری “ڕێکخراوی نۆژین” لە شاری سنە، لە لایەن بە ناو دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

سەپاندنی ئەو سزایە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنیێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران  وەک چوار دەیەی  ڕابردوو لە سەر سیاسەتی زەبرو زەنگ و کپ کردنی دەنگی دژبەران و رخنەگرانی ئەو دەسەڵاتە شوومە، بە تایبەتی چالاکانی مەدەنیی نەتەوەی زۆرلێکراوی کورد، بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەش بەرەنگاربوونەوەی “سیاسەتی ریگری لە پەروەردە وخوێندن بە زمانی کوردی” لە لایەن مامۆستایان و فێرکارانی خۆبەخشی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە بە رەهەندێکی دیاری خەباتی شوناسخوازانە لەو بەشەی کوردستان و ترسێکی گەورەی خستووەتە نیو دڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی شوومی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان لە پێناوی پاراستنی زمان و کولتور و ناسنامەی نەتەوەکەمان، تێچووی قورسیان داوە. بە دەیان کەس لە مامۆستایانی زمانی کوردی،  چالاکانی مەدەنیی بوارەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی و داکۆکی لە مافەکانی ژنان، کەوتونەتە بەر لێپێچینەوە و، زیندانی درێژماوەیان بە سەردا سەپاندوون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنقەست هەلومەرجێکی ئەمنیەتی و سەرکوتکەرانەی بە سەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زال کردووە بۆ ئەوەی مەیدانی تێکۆشان هەر چی زیاتر لە چالاکانی مەدەنی تەنگتر بکاتەوە ، بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەریان بکات و سزای قورسیان بە سەردا بسەپێنێ و لەم ڕێگایەوە کۆمەڵانی وەزالەهاتووی خەڵک چاوترسێن بکات. بەڵام وەک دەبینین ئەم بارودۆخە سەرکوتکەرانەیە نەیتوانیوە چالاکانی مەدەنی بە چۆکدابێنێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕاشکاوانەتر و بوێرانەتر دێنە مەیدان و ئامادەن نرخی پێداگری لەسەر مافەکانی هاوزمانان و هاونیشتمانانی خۆیان بدەن. زارا محەممەدی نموونەی مامۆستایانی دڵسۆزی زمانی کوردی و، پارێزەری کولتوری نەتەوەکەیەتی، هەر بۆیە کەوتووەتە بەر ڕقی ناوەندە  ئەمنییەتیەکان و، تۆمەتی هەڵبەستراوی دراوەتەوەپاڵ. هەر لە ژێر گوشاری ئەو ناوەندانەشدا، دادگا حوکمی ٥ساڵ زیندانی بەسەرداسەپاند. ئێستاش بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حەبسەکەی  خراوەتە زیندان.

“موژگان کاووسی” و “کەیوان مینویی”یش  دوو چالاکی مەدەنیی  کۆڵنەدەری دیکەی کوردن کە لە سۆنگەی بەردەوامبوون لە سەر تێکۆشانی مەدەنیی مافخوازانەیان، بەرەوڕووی تۆڵەئەستاندنەوەی ناوەندە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکان و سزای ناڕەوا و زاڵمانە بوونەتەوە.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە ماوەی ٣ مانگی پاییزی ئەم ساڵ دا زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و مامۆستا و وانەبێژی زمانی کوردی بە تۆمەتی ناڕەوای دژایەتی لە گەڵ نیزام و مەترسی بۆ “ئاسایشی نەتەوەیی وڵات” دەستبەسەر کراون و حوکم دراون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پەڕی خراپی دایە و نە لە باری پێڕاگەیشتن و دابین کردنی کەرەستەی پێویست، نە لە باری لەشساغی و تەندروستییەوە بۆ ڕاگرتنی بەندکراوان لە بارنین. سەرەڕای ئەم ڕاستییانە، بەندکراوانی سیاسیی کورد هەڕەشەی مەرگ لە ژێر ئەشکەنجە و کوشتن بە شێوەی گوماناوییان لە سەرە. لە ماوە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٦کەس لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکاندا گیانیان لە دەستداوە. بەڵام وەک دەبینین سیاسەتی زەبروزەنگ نەیتوانیوە چالاکانی مەدەنی لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات لە تێکۆشان سارد بکاتەوە و هەر ڕۆژەی لە شار و ناوچەیەک شاهیدی دەنگهەڵبڕینی چالاکانی مەدەنی و ڕووبەرووبوونەوەیان لە گەڵ سزا و بەندکرانین.  

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خەبات و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، سەپاندنی سزای بەندکردن و ڕەوانەکردنی مامۆستا زارا محەممەدی بۆ بەندیخانە بە توندی مەحکووم دەکا. داوا لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ  دەکەین دژی زیندانیکردنی مامۆستا زارا محەممەدی و سەرکوتی چالاکانی دیکەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگ هەڵبڕن و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ  پشتیوانییان لێ بکەن.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٦ی ژانویە ٢٠٢٢زاینی -٢١ی بەفرانباری ١٤٠٠ هەتاوی