ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مروڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی


هاونیشتمانیان!

ناوەند و کۆمەڵە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ!

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ (۱۹ی دێسامبری ٢٠٢١ز) زیندانیی سیاسیی کورد “حەیدەر قوربانی” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و نەسەلمێنراوی دیکە بەنهێنی و بێ‌ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکەی لە سێدارە درا.

ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ حەیدەر قوربانی، تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی عەلی قوربانی، خەڵکی گوندی “بزوەش”ـی کامیاران لە گەڵ ژن‌براکەی بە ناوی “مەحموود سادقی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەستبەسەر دەکرێن. ئەو دوو هاونیشتمانییە دوای گرتنیان دەکەونە بەر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر هەتا “حەیدەر قوربانی” ناچار دەکەن لەبەرچاوی کامێرا کە دواتر لە تەلەڤیزیۆنی “پڕێس تیڤی” دان بە تاوانی نەکردەی دابنێ. ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی بەدواداچوون و قسەی پارێزەرەکەی و خەڵکی ناوچەکە، حەیدەر قوربانی هیچ پەیوەندییەکی بەو تاوانەوە نەبووە و بەپێی هەموو پێوەرە یاساییەکان کە لە زاری وەکیلی “حەیدەر قوربانی” باس کراون، ئەوپەڕی سزا بۆ ناوبراو لەو پەیوەندییەدا “معاونت” لە کوشتنە نەک هاوبەشی کردن، کەوابوو ئەوەی لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێ پابەندنەبوونیی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانە تەنانەت بەو یاساوڕێسایانەی کە بۆخۆی نوسیونییەتەوە.

بە چاوخشاندن بە پەروەندەی “حەیدەر قوربانی” و لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە لە زمان خۆیەوە دەیگێڕێتەوە، دەبینین کە ناوبراو بەبێ تاوان و بە نایاسایی حوکمی سێدارەکەی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بە سەردا سەپا و جێبەجێ کرا. بێ‌باکیی ئەو ڕێژیمە و دەمەلاسکەی بەرامبەر جیهانی ئازاد کە چەند ڕۆژ لەوە پێش لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ مەحکوم کرا، سەلمێنەری ئەوەیە کە مەخابن ئەم ڕێژیمە پێبەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی و جیهانی و تەنانەت ئیسلامییش نییە.

ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تاوانە قیزەونە و دوور لە یاسایە مەحکووم دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین کە زۆر بە جیدی بە دواداچوون بۆ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا بکەن، بە تایبەت چاودێری ڕەوشی ئەو بەندکراوە سیاسییانە بکەن کە هەرئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکان و لەژێر ئەشکەنجە و مەترسیی سزای ئێعدام دان.

٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی

  ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢١ی زاینی

       ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان                ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان