حەیدەری قوربانی دوایی مانەوەی ٥ساڵ لە ژێر سزای ئێعدام حوکمەکەی جێبەجێ کرا


خۆڕاگری: بەندکراوی سیاسی کورد حەیدەری قربانی خەڵکی شاری کامیاران ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە دوایی ٥ساڵ مانەوە لە ژێر حوکمی ئیعدام لە سێدارە درا.
حەیدەر قوربانی تەمەن ٤٧ ساڵ مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥هەتاوی لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی ”مەحموود سادقی“ کە هەردووکیان خەڵکی گوندی ”بزوەش“ سەر بە شاری کامیارانن، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییە کانی کۆماری ئیسلامی ئیران کرابوون حیدەری قوربانی لە گرتنگە لە ژێرتووندترین و بێبەزەییانە ترین ئەشکەنجە دابوو و رۆژانە چەندین جار لێکۆڵینەوەی لێ دکرا و لێکۆڵەرەکەی بەردەوام هەرەشەی کوشتننی لێ دەکرد .ئەو هاووڵاتییە دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە .حەیدەری قوربانی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ هەتاوی لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لە کامیاران دادگایی کرا و بە پێی ئەو حوکمە حەیدەر سزای١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی بە سەردا سەپێندرا.

حکوومەتی ئێران لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بڵاو کردەوە حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دا دەنێت حەیدەر قوربانی ماوەی ٢٠ مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر کاناڵ “پرێس تی وی بڵاو بووە بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکا.
وەزارەتی ئیتلاعات لە سناریۆیەکی لە پێش دارێژراودا حوکمی سێدارەی بە سەر حەیدەر قوربانی سەپاندبووە بە شێوەیەک کە بە بڕیاری سەرۆکی دادگا، تەواوی دۆسیەکە بە شێوەی نهێنی راگەیەندرابوو و پارێزەری ناوبراو دەستی پێڕانەگەیشتبوو، لەو دادگایەدا حەیدەر قوربانی لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی” بە تۆمەتی “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاندو و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ هەتاوی لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

جەوانمەردی، پارێزەری پێشووی ناوبراو ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە بە پێی یاسا ئەوپەڕی سزا بۆ حەیدەری قوربانی، بەندکرانە هەروەها جەوانمەردی ئەوەیشی دووپات کردبوو کە ” چۆن ئەتوانم بەرگری لە حەیدەر قوربانی بکەم کاتێک هیچ چەشنە زانیارییەکی وردم لە دۆسیەکەی نیە و ئەو دادگایە بە شێوەی نهێنی بەرێوەدەچێ بەو هۆیەوە ئەم دادگاییە رەوا و جێگای پەسند نیە.
دواتر حوکمی سێدارەی “حەیدەر قوربانی دوای داوای پێداچوونەوە و نارەزایەتی ناوبراو لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵات لە ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی وەک خۆیی پشتڕاست کرابویەوە و پەسەند کرابوو و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبووە. بنە ماڵەی حەیدەر قوربانی لەم بارەوە رایگەیاندووە کە “ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرزی ئێران کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێچەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش پەروەندەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە.
بنەماڵەی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ١٤٠٠ی هەتاوی چوونەتە دادگوستەری شاری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەت کردۆتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لە شاری کامیاران بەڕێ‌ کراوە
هەروەها رایانگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی کامیارانیان کردووە و ئەوانیش پشتڕاستیان کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە زویی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەڕێ دەکرێت و سزای سێدارەکەی لەوێ جێبەجێ دەکرێت. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بانگەوازێکدا، ڕایگەیاندبووە حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە ئەگەری ئێعدام دایە و داوای لە بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریی کردووە کە دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕابگرن لەو بانگەوازەدا، هاتووە: “حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی لە ئەگەری ئێعدامدایە. بەرپرسانی ئیتلاعاتی، دادستانی و دەسەڵاتی دادوەری ئوسوولی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییەیان پێشێل کردووە و دادگای ئینقلابی شاری سنە، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕیاری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی هیچ کات چەکدار نەبووە، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی “ڕاپەڕینی چەکدارانەی دژی بنەماکانی نیزام” (بەغی) بە ئێعدام مەحکووم کردووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بانگەوازەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو: دادگا بە پێچەوانەی یاسا پشتی بە “دانپێدانان” لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەستووە و لە کاتێکدا کە حەیدەر قوربانی، قوربانی دانپێدانانی زۆرەملییە .ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاندووە: “بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرێت و وێڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دووبارەی دادپەروەرانە، گارانتی بکەن
بە داخەوە ئەمڕۆ بەندکراوی سیاسی کورد حەیدەری قوربانی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە بە شێوەی نهێنی لە سێدارە درا ئەنجومەنی زندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی لە سێدارە دانی حەیدەری قوربانی دوا لە هەموو کۆڕو کۆمەڵە نێو نەتەوەییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە جیدی بە دواداچوون بۆ کەیسی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی بەندکراوانی سیاسی کورد بکەن کە ئێستایش زۆر یەک لە بەندکراوانی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی ئێعدام کردنییان لە سەرە .
هەر بۆیە جێگای خۆیەتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ پاراستنی گیانی بەندکراوانی سیاسی کورد گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وپێش بە ئێعدام کردنی لاوانی کورد بگرن. ئەو لە حالێک دایە کە دوو ڕۆژ لەمەو پێش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بڕیارنامەی مەحکوم کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پەسەندکرا. بەڵام کۆماری ئیسلامی بێ گوێدانە هیچ ڕێسا و یاسایەک بەردەوامە لە پێشێلکاری و جینایەتەکانی دژبە مافی مرۆڤ لە ئێران دا.

سایت: https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners
ئیمەیل:https://xoragry@gmail.com